مەسک بیرۆکەی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی تویتەر ئاشکرا دەکات

15-02-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تویتەر دەڵێت، دەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵەوە کەسێکی دیکە کاروباری کۆمپانیاکەی بەڕێوەببات. 
 
رۆژی چوارشەممە 15ی شوباتی 2023، ئیلۆن مەسک، سەرمایەدار و ملیۆنەری ئەمریکی و خاوەنی پلاتفۆرمی تویتەر، گوتارێکی لە لووتکەی حکومەتەکانی جیهان لە دوبەی پێشکێشکرد و رایگەیاند، دەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵ کەسێکی دیکە ببێتە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تویتەر و ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەڕێوەدەبات، ئەمەش دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی رابردوودا مەسک بووە خاوەنی تویتەر و بەڕێوەبەرایەتی تویتەری گرتەئەستۆ. 
 
لەوبارەیەوە، مەسک گوتی: "پێویستە کۆمپانیاکە سەقامگیر بکەم و دڵنیا بم لەوەی شوێنێکی تەندروستە و نەخشەڕێگەی کارکردنەکە دیاری بکرێت. پێم وایە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ دەکرێ لە پێگەیەکی سەقامگیردا بێت." 
 
مەسک کە خاوەنی کۆمپانیای تێسلای تایبەت بە دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەباییە، لە تشرینی یەکەمی رابردوودا تویتەری بەبڕی 44 ملیار دۆلار کڕی، بەڵام لەدوای کڕینی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە، چەندین جار رووبەڕووی رەخنەی تووندبووەتەوە سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردنەکەی لەگەڵ ئەو پلاتفۆڕمە ئەلیکترۆنییەکە. 
 
لە 19ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2022، مەسک راپرسییەکی لە تویتەر بڵاوکردەوە سەبارەت بەوەی وەکو بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێگە هەواڵییە ئەلیکترۆنییەکە بمێنێتەوە یان نا؛ 57.5٪ـی دەنگدەران گوتیان کە دەبێت مەسک پۆستەکە جێبهێڵێت. ئەو پێشتر گوتبووی کە پابەندی ئەنجامەکانی راپرسییەکە دەبێت، بەڵام تائێستا هیچ کەسێکی بۆ ئەو پۆستە دیاری نەکردووە. 
 
مەسکی تەمەن 51 ساڵ لەدرێژەی گوتارەکەیدا رایگەیاند، پلانی داهاتووی لە تویتەر ئەوەیە خەڵک زیاتر ئازادانە بۆچوونی خۆیان بڵاوبکەنەوە و گوتی: "وەکو پێگەیەک بۆ پەیوەندیکردن، تویتەر گرنگە و هانی خەڵکیش دەدەم پەیوەندییەکانیان لەو رێگەیەوە زیاتر بکەن و بە دەنگێکی راستەقینەتر قسە بکەن." 
 
ئەم قسانەی مەسک لەکاتێکدان کە لە ناوەڕاستی کانوونی دووەمی رابردوودا تویتەر هەژماری ژمارەیەک لەو رۆژنامەڤانانەی هەڵپەسارد کە پێشتر رەخنەیان لە تویتەر و ئیلۆن مەسک گرتووە و ئەمەش بەرپرسانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپای تووڕە کرد و لەوبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە تویتێکدا رایگەیاند: "نابێت ئازادیی رۆژنامەگەری بە ویستی تاکەکەسی دابگیرسێندرێت و بکوژێندرێتەوە." 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ. سەرۆکی بێلاڕووس.

سەرۆکی بێلاڕووس داوا لە رووسیا و ئۆکراینا دەکات کۆتایی بە جەنگ بهێنن

رۆژی پێنجشەممە، 15ـی ئابی 2024، ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی فەرمیی رووسیا دژایەتیی خۆی بۆ هێرشی ئۆکراینا بۆ سەر رووسیا دەربڕی و داواشی لە هەردوولا کرد دەست بە گفتوگۆ بکەن.