وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا سەردانی باکووری کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی ئەو وڵاتە و سەمسووری باکووری کوردستان دەکات.
بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوەی لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی شوباتی 2023، ئەرارات میرزۆیان، وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا بەمەبەستی سەرەخۆشی و دەربڕینی هاوسۆزی وڵاتەکەی بەهۆی کارەساتی بوومەلەرزەکەی رۆژی 6ی شوباتەوە بە سەردانێکی فەرمیی دەگاتە ئەنقەرە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەرارات میرزۆیان لەلایەن مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە پێشوازی لێ دەکرێت. هەر ئەمڕۆ میرزۆیان سەردانی سەمسووری باکووری کوردستان دەکات و لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان دەبێت و لەگەڵ تیمی گەڕان و رزگارکردنی ئەرمینی کۆدەبێتەوە.
رۆژی 8ی شوباتی 2023، ئەرمینیا تیمێکی 27 کەسی گەڕان و رزگارکردنی ناردە باکووری کوردستان. تەواوی تیمەکە لە سەمسوور کاردەکەن و تاوەکو ئێستا هەشت کەسیان بەزیندوویی لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکانی ئەو پارێزگایە رزگارکردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد، 66 وڵات 6662 کارمەندی تیمی فریاگوزاریی شارەزایان ناردووەتە پارێزگاکانی باکووری کوردستان و تورکیا.
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانیی 6ی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر بوو کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند.