ئەمریکا: ئەگەر پشتڕاستبکرێتەوە هاووڵاتی سڤیل بەدەستی پەکەکە کوژرابن بەتووندی سەرکۆنەی دەکەین

رووداو دیجیتاڵ

کوشتنی چەند دیلێکی تورکیا لە چیای گارە کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێدەکەوێتەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ناڕەزایەتیی خۆی لە کوشتنی ئەو 13 دیلە دەردەبرێت کە بە "هاووڵاتی تورکی لە هەرێمی کوردستان" ناویان دەبات و رایدەگەیێنێت ئەگەر پشتڕاستبکرێتەوە کە بەدەستی پەکەکە کوژرابن بە تووندی سەرکۆنەی دەکات.
 
رۆژی یەکشەممە وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بە کۆتاییهێنانی ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی هەڵۆ-2 بۆ سەر چیای گارە کرد و رایگەیاند کە 13 لە هاووڵاتیانیان لەلایەن پەکەکەوە کوژراون و ئاسەواری گوللەیان پێوەیە.
 
دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکە نەپەگەش رایگەیاند کە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە کوشتنی کۆمەڵێک دیلی تورکیا بووە کە لەژێر دەست پەکەکە بوون و تورکیا بە کوشتنیان تۆمەتبار دەکات. بەڵام وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند کە کوژراوەکان هاوڵاتیی سڤیل بوون و ئۆپەراسیۆنەکە بۆ رزگارکردنیان بووە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی 14-2-2021 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و لەبارەی دیلە کوژراوەکان لە چیای گارە رایدەگەیێنێت: "ئەگەر ئەوە پشتڕاست بکرێتەوە کە ئەو هاووڵاتییە سڤیلانە بەدەست پەکەکە کوژرابن کە رێکخراوێکی تیرۆریستییە، ئەوا بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی دەکەین". وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت "لەگەڵ هاوپەیمانەکەمان دەمێنینەوە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی کوژراوەکان دەکەین".
 
دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکە خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی کوشتنی دیلەکان گوتی، "لە کاتی پشکنینی یەکێک لە ئەشکەوتەکاندا تەرمی 13 هاووڵاتیی سڤیلی بێچەکی تورکیا دۆزراونەتەوە، یەکێکیان گوللە بەر شانی کەوتووە و 12 هاووڵاتییەکەی دیکە گوللە بە سەریانەوە نراوە و کوژراون." 
 
هەروەها دوێنێ یەکشەممە 14ی شوباتی 2021 راگەیێندراوێک بە ناوی فەرماندەیی ناوەندی بەرگری گەل سەر بە هەپەگە بڵاوکرایەوە کە تێیدا دیلەکان بە سەرباز ناودەبات و تورکیا تۆمەتبار دەکات بە هەوڵدان بۆ کوشتنیان لە چیای گارە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ناوەندی بەرگریی گەل ئاماژەی بەوەداوە، دەوڵەتی تورکیا "لە ئاسمان و زەوییەوە بۆ لەناوبردنی دیلەکانی شەڕ لە چیای گارە هێرشی کردووەتە سەر ئەو کەمپەی سەربازە دیلەکانی تورکیای لێ دەمانەوە".  
 
فەرماندەیی ناوەندی بەرگریی گەل دەڵێ، "ئەو هێرشەی کراوەتە سەر کەمپی سەربازە دیلەکان بە هیچ شێوەیەک بۆ رزگارکردنی دیلەکان نەبووە، بە پێچەوانەوە بۆ لە ناوبردنی دیلەکان بووە". 
 
نەپەگە لە راگەیێندراوەکەیدا تورکیا بە چەواشەکاریی و شاردنەوەی راستییەکان تۆمەتبار دەکات و رایدەگەیێنێت" تورکیا هەوڵدەدات شکستەکانی خۆی بشارێتەوە و پەکەکە تاوانبار دەکات، کە دیلەکانی کوشتووە، بەڵام هەموو کەس باش دەزانێت کە بە ساڵانێکی دوور و درێژە تاکو ئێستا بە شێوەیەکی مرۆیی لەگەڵ دیلەکانی شەڕدا مامەڵەمان کردوە و وێڕای هێرش و بۆردوومانە چڕەکانی سوپای تورکیاش لە شوێنی پارێزراودا دیلەکانمان رادەگرت".
 
پارێزگاری مەڵەتی ناسنامەی 10 کوژراوەکەی تورکیا لە چیای گارە ئاشکرا دەکات
 
ئایدن باروش، پارێزگاری مەڵەتی ناسنامەی 10 لەو پۆلیس و سەربازانەی تورکیای راگەیاند کە لە ئۆپەراسیۆنەکەی گارە کوژراون، دەشڵێت، کارەکان بۆ دەستنیشانکردنی ناسنامەی 3 کەسی دیکە بەردەوامن.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی پارێزگاری مەڵەتی ناوەکان بەمشێوەیەن:
 
- حوسەین ساڕی (ئەفسەر) 13ی ئابی 2020 لە رێگەی چەولیک-ئامەد رفێنراوە
 
- سێدات یاباڵاک (پۆلیس) 28ی تەمموزی 2015 لە رووها گیراوە
 
- سەمیح ئۆزبێی (ئەفسەر) 18ی ئەیلوولی 2020 لە رێگەی دێرسیم-ئەرزینجان رفێنراوە
 
- عادل کاباکڵی (سەرباز) 2ی تشرینی یەکەمی 2015 لە دێرسیم رفێنراوە
 
- ڤێدات کایا (پۆلیس) 24ی تەمموزی 2016 لە ئامەد رفێنراوە
 
- سولەیمان سونگور (سەرباز) 15ی ئابی 2015 لە ئامەد رفێنراوە
 
- مەولوود قاوەچی (ئەفسەر) 21ی ئەیلوولی 2016 لە جۆلەمێرگ رفێنراوە
 
- موسلیم ئاڵتنتاش (سەرباز) 2ی تشرینی یەکەمی 2015 لە دێرسیم رفێنراوە
 
- ئایدن کۆسە، خەڵکی سەمسوور
 
- محەمەد ساڵح کانجا، خەڵکی سامسون
 
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چڕنوکی هەڵۆ-2 لە چیای گارە کە کاژێر 02:55 خولەکی 10ی شووبات دەستی پێکرد، 3 سەرباز کوژراون و 3ی دیکەش بریندارن. هەروەها بێجگە لەو 48 گەریلایەی کوژراون، دووانی دیکە بەزیندوویی دەستگیرکراون.