دیدار و کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی لە رۆژی دووەمی کۆنفرانسی میونشن

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی دووەمی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کۆمەڵێک دیدار و کۆبوونەوە ئەنجامدەدات و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، وەزیری بەرگریی کەنەدا و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆدەبێتەوە.

15-02-2020

23:52

کەنەدا: بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردن بە پێشمەرگە

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و هاریت سینگ سەجان، وەزیری بەرگریی کەنەدا لە میونشن
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاریت سینگ سەجان، وەزیری بەرگریی کەنەدا کۆبووەوە. وەزیری بەگریی کەنەدا ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هاوکاریی و راهێنانەکانیان بە هێزی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش. 
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی کەنەدای کرد بۆ هاوکارییەکانی و جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە هەوڵی نەهێشتنی ئەو فاکتەرانە بدرێت کە زەمینە بۆ سەرهەڵدان و چالاکبوونی تیرۆر دەڕەخسێنن. 
 
وەزیری بەرگریی کەنەدا ستایشی هەرێمی کوردستانی کرد کە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ ئاوارە و پەنابەران.
 
زیاتر بخوێنەوە

21:01

مەسرور بارزانی: دەبێ دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان، وەزیرەکانی هەرێم لە حکومەتی نوێی عێراق دەستنیشان بکەن

کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و محەممەد حەکیم، وەزیری دەرەوەی عێراق لە میونشن
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆنفراسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ محەممەد حەکیم، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە و گفتوگۆ دەربارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرا.   
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە حکومەتێک دەکات کە پابەندبێت به قەوارەی فیدرالی و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمیش، وەزیرەکانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی نوێی عێراق دەستنیشان بکەن.
 
زیاتر بخوێنەوە

20:52

ئەمینداری کۆمکاری عەرەبی: هەرێمی کوردستان نموونەیەکی سەرکەوتووی دەسەڵاتدارییە لە عێراق

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەحمەد ئەبوغێت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی کۆبووەوە
لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی لە میونشن، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەحمەد ئەبوغێت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی کۆبووەوە. 
 
بەپێی راگەیێنراوێکی کۆبوونەوەکە، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی ستایشی ئەزموونی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی "هەرێمی کوردستان نموونەیەکی سەرکەوتووی دەسەڵاتدارییە لە عێراق ئەمەش بۆ لێهاتوویی و دانایی سەرکردایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی و ئێوە دەگەڕێتەوە". 
 
ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی گوتیشی "کۆمکاری عەرەبی پشتیوانیی لە مافەکانی گەلی کورد دەکات لە چوارچێوەی عێراقدا".
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی هەڵویستی کۆمکاری عەرەبی کرد و هیوای خواست رۆڵێکی ئەرێنی لە سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و ناوچەکەدا بگێڕێت.
زیاتر بخوێنەوە

20:00

وەزیری دەرەوەی ئوردن: پەیوەندییەکی بەهێزی مێژوویی لەنێوان ئوردن و هەرێمی کوردستاندا هەیە

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و لە میونشن پێشوازی لە ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان "لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئوردن سڵاو و رێزی تایبەتی شا عەبدوڵڵای شای ئوردنی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکی بەهێزی مێژوویی لە نێوان ئوردن و هەرێمی کوردستاندا هەیە". 
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی شا عەبدوڵڵای کرد بۆ پشتیوانیی بەردەوامیی لە هەرێمی کوردستان و سەقامگیریی دۆخی عێراق. لە کۆبوونەکەدا بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئوردن تاوتوێ کرا.
زیاتر بخوێنەوە

17:41

سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا بۆ رووداو: دەمانەوێت پەیوەندی ئابووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان فراوانبکەین

مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا
مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا
رووداو - هەولێر 

سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی دووەم رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەرووداوی راگەیاند، ئەوان دەیانەوێت پەیوەندی ئابووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێز بکەن و سەیری هەل و مەرجەکان دەکەن بزانن چۆن دەتوانن ئەم کارە ئەنجامبدەن.
 
مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداوی راگەیاند کە هۆڵەندا لەڕووی سەربازییەوە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و 50 راوێژکاریان لە هەولێر هەن مەشق بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن.
 
سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا گوتی "وڵاتەکەیان لەڕووی کشتوکاڵ و چەندین لایەنی دیکە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان خۆشە و هەردوو حکومەتەکە پەیوەندی بەردەوامیان لەگەڵ یەکدیدا هەیە".
 
سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا دەشڵێت، دەیانەوێت لەو چاکسازیانەش هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بن کە ئەنجامیدەدات.
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی نێوانیاندا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئێمە هاوبەشییەکی باش و دۆستایەتییەکی باشمان لەگەڵ هۆڵەندا هەیە و لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەنێو ئەو دۆخەی هەیە بەیەکەوە کارمانکردووە. هەروەها بەیەکەوە شەڕی دژی داعش دەکەین و بەدڵنیاییەوە پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوانمان دەدەین بەتایبەتی لە سێکتەری ئابووری".

 

زیاتر بخوێنەوە

15:34

کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لینزی گراھام و شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا

کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لینزی گراھام و شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا

 

ئەمڕۆ شەممە 15-02-2020 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری میونشن لەگەڵ شاندێکی گەورەی کۆنگرێسی ئەمەریکا  بە سەرۆکایەتیی سیناتۆر لیندسی گراهام کۆبووەوە.
 
دۆخی عێراق و ناوچەکە بەشێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بوو و شاندەکەی کۆنگرێس جەختییان لە پشتیوانییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە و باسیان لەوە کرد کە کوردستان لە ناوچەکەدا هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکایە.
 
هاوکات سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی خۆی بۆ پشتیوانیی ئەمریکا دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد، کوردستان لەسەر ئەوە بەردەوام دەبێت کە هۆکارێکی گرنگی سەقامگیربوونی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە بێت.

 

 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

15:08

مەسرور بارزانی و سێرگی لاڤرۆڤ کۆبوونەوە

مەسرور بارزانی و سێرگی لاڤرۆڤ کۆبوونەوە

کۆبوونەوەیەکی دیکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میونشن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا بوو. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، "هاوڕابووین لەسەر پێویستیی کەمکردنەوەی گرژییەکان، بەتایبەتی لە سووریا". 

مەسرور بارزانی لە توویتێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا نووسیویەتی "جارێکی دیکە دووپاتمکردەوە کە رووسیا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی وەک نێوەندگیر چارەسەرێکی سیاسیی ماوەدرێژ لە سووریا بەدەستبهێنرێت، بەجۆرێک مافی هەمووان پارێزراو بێت، لەوانەش کوردەکان".

 

زیاتر بخوێنەوە

12:41

سەرۆکوەزیرانی کوەیت: دەرفەتی باشی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان هەیە

سەرۆکوەزیرانی کوەیت: هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگی لە ناوچەکەدا هەیە
سەرۆکوەزیرانی کوەیت: هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگی لە ناوچەکەدا هەیە
سەرۆکوەزیرانی کوەیت لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە گرنگ دەزانیت و لەبەرامبەردا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەموو ئاسانکارییەک دەکەین.
 
ئەمڕۆ شەممە 15-2-2020 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی دەوڵەتی کوەیت شێخ سەباح حەمەد ئەلسەباح کرد.
 
بەپێی راگەیێنراوەکە لە دیدارەکەدا بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و کوەیت تاوتوێکرا. سەرۆکوەزیرانی کوەیت ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بواری بازرگانیدا. 
 
سەرۆکوەزیرانی کوەیت ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگی لە ناوچەکەدا هەیە و دەرفەتی باشی وەبەرهێنانیش لە هەرێمی کوردستان هەیە و پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە گرنگ دەزانین.
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها سوپاسی دەوڵەتی کوەیتی کرد بۆ گرنگیدانیان بە پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و گوتیشی "زەمینەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنان هەیە و هەموو ئاسانکارییەکی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و دەرەکی دەکەین".

 

زیاتر بخوێنەوە

11:55

مەسرور بارزانی و شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆبوونەوە

مەسرور بارزانی و شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆبوونەوە
مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کۆبووەوە.

 

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

10:50

وەزیری بەرگریی ئەمریکا: هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکایە لە ناوچەکە

وەزیری بەرگریی ئەمریکا: هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکایە لە ناوچەکە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی دووەمی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریکا کۆبووەوە و مارک ئیسپەر دەڵێت: "هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکایە لە ناوچەکە".


هێمن هەورامی ئەندامی شاندی هەرێمی کوردستان لەکۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریکا سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند: "شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەرسێ وەزیرەکەی ئەمریکا کە لە کۆنفرانسەکە بەشدارن کۆبوونەوە. لەهەمانکاتدا کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا و وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەبێت و ئەوە نیشانەی سەرکەوتوویی سیاسەتی هەرێمی کوردستانە".

تایبەت بە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریکا، هێمن هەورامی گوتی: "کۆبوونەوەکە لەسەر سێ بابەتی سەرەکەی بووە 1- هەماهەنگیکردن بۆ بەردەوامیدانی ئەو هاوکارییانەی ئەمریکا کە لەرێگەی پێنتاگۆنەوە بۆ پێشمەرگە دەنێردرێت. 2- هەماهەنگی زیاتر بۆ رێگەگرتن لە هەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەکە. 3- روونکردنەوە لەسەر هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەو ململانێ هەرێمییەی کە لە ناوچەکە هەیە بەجۆرێک کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان رانەکێشرێت بۆ جۆرێک لەو ململانێیەتییەی کە لەنیوان گەورە هێزەکانی ناوچەکەدا هەیە".

 
هەروەها بەپێی راگەیێنراوی کۆبوونەوەکە، مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکایە لە ناوچەکە ، گوتیشی ئێمە لە پشتیوانیکردن و راهێنانی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەڕەشەکانی داعش بەردەوام دەبین.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش سوپاسی پشتیوانیی ئەمریکای کرد و جەختی لەوە کردەوە کە "هاوپەیمانێتی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە". 
 
زیاتر بخوێنەوە

10:12

دیدار و کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی لە رۆژی دووەمی کۆنفرانسی میونشن

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری لە میونشن
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری لە میونشن
رووداو-میونشن
 
ئەمڕۆ شەممە 15-2-2020 دووەم رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنە. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دووەم رۆژی کۆنفرانسەکەدا ، ئەم دیدار و کۆبوونەوانەی دەبێت:
 
- مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا 
 
- سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا 
 
- هاریت سینگ سەجان، وەزیری بەرگریی کەنەدا
 
- ژان ئيڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا 
 
- مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا 
 
- شێح سەباح خالید حەمەد ئەلسەباح، سەرۆکوەزیرانی کوەیت
 
- محەممەد ئەلحەکیم، وەزیری دەرەوەی عێراق
 
- ئەحمەد ئەبو ئەلغەیس، ئەمینداری کۆمکاری عەرەبی 
 
- لینزی گراهام، سيناتۆری ئەمریکی
 
- ئەیمەن ئەلسفدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن 
 
- شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا
 
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن رۆژی هەینی 14-2-2020 دەستیپێکرد و لە 16-2-2020 کۆتایی دێت. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکەشدا کۆمەڵێک دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجامدا.
 
کۆبوونەوەکانی رۆژی 14-2-2020 
 
- مایک پۆمپەیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا 
 
- دان بروولیێت، وەزیری وزەی ئەمریکا 
 
- ئەنێگرێت کرامپ کارنباوەر وەزیری بەرگری ئەڵمانیا
 
- بۆیکۆ بۆریسۆڤ، سەرۆکوەزیرانی بولگاریا 
 
- نەجاح شەمەری، وەزیری بەرگریی عێراق
 
نزیکەی 500 سەرۆک، سەرۆکوەزیر، وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی وڵاتان و کەسایەتیی دیکەی جیهانی لە 56ـەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەشداردەبن.
 
گرنگترین تەوەرەکانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بریتی دەبن لە:
 
- مەترسی نەمانی کاریگەریی رۆژئاوا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی، بەهۆی نەبوونی لێکتێگەیشتن و بەرژەوەندیی هاوبەش لەنێوان وڵاتە رۆژئاواییەکان و بەجێهێشتنی گۆڕەپانەکە بۆ وڵاتانی دیکە لە سەردەمێکی پڕ لە رکابەرایەتی.
 
- سیاسەتی بەرگری و ئاسایشی وڵاتانی ئەتڵەنتیک و ئەوروپی لە جیهانێکی فرەجەمسەر و خاوەن زلهێزی وەک رووسیا و چین، هەروەها زیادبوونی گرووپە چەکدارەکان و مەترسییان لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی.
 
- ئاسایشی ئەلیکترۆنی و تەکنەلۆجی لە سەدەی 21دا کە خۆی لە تاوتوێکردنی مەترسییەکانی بەکارهێنانی ئینتەرنێت بۆ سیخوڕیکردن و تێکدانی ژێرخانی وڵاتان دەبینێتەوە.
 
- ئاسایشی مرۆڤایەتی: مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، نەخۆشییە گواستراوەکان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ.
 
- ئاسایشی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات: کەمبوونەوەی سەرچاوەکان و زیادبوونی کێشەی جیۆسیاسی و ئابووری، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی جیهان لە زیادبووندایە و پێداویستییەکانی زیاتر دەبن.
 
- ئاسایشی نێونەتەوەیی: مەترسییەکانی بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر و چەک، بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، تیرۆر.
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
زیاتر بخوێنەوە