جۆ بایدن گوتاری ماڵئاوایی پێشکێش دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە کاژێر 4:00ـی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 16-01-2025، [بەکاتی هەولێر] جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتاری ماڵئاوایی پێشکێش بکات و رووداویش رووماڵی دەکات. ئەمە لەکاتێکدایە لە 20-01-2025 ،کۆتایی بە ئەرک و کابینەی بایدن دێت، دۆناڵد ترەمپ سوێندی دەستووری دەخوات و دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی.
بایدن لە 2020، خۆی هەڵبژارد و توانی لە ترەمپ بباتەوە، لە تەمەنی 80 ساڵی لە 2024 جارێکی دیکە لە دژی ترەمپ خۆی هەڵبژاردەوە و گوتی، ئەو تاکە بەربژێری دیموکراتە بتوانێت چۆک بە ترەمپی کۆماری بدات.
دوای بەڕێکردنی دیبەیتێکی خراپ لەگەڵ ترەمپ لە تەممووزی 2024، بایدن بە گوشاری ئەندامانی پارتەکەی خۆی، رازیکرا بکشێتەوە و وازبێنێت.
کاتێک جۆ بایدن بووە سەرۆکی ئەمریکا، جیهان لەنێو قەیرانی کۆرۆنادا بوو؛ چیپی نیمچەگەیەنەر، کارگەکان، تەکنەلۆژیا و گۆڕانی کەشوهەوا بابەتی گەرمی سیاسەت بوون.
دەیڤد ئاکسلرۆد، راوێژکاری پێشووی باراک ئۆباما رایگەیاند: "جۆ بایدن دەیویست خەڵک بۆ ئەو شتە مەزنانەی بۆ وڵاتەکەی دەیکات، یادی بکەنەوە. ئەو کاتێک لە ترەمپی بردەوە، بووە سەرۆکێکی مێژوویی؛ ئێستا کە ترەمپ بەهێزتر گەڕاوەتەوە، ئەمە کۆتاییەکی ناخۆشی چیرۆکەکەیە."
لە راگەیێندراوێکی کۆشکی سپی کە رۆژی 15-01-2025، بڵاوکرایەوە، بایدن دەڵێت: "من خۆم بۆ سەرۆکایەتی هەڵبژارد، چونکە بڕوام وابوو گرەوی گەورە و مەترسی هەبوون. مەترسی لەسەر خودی سرووشتی مرۆییمان هەبوو، ئەمەش هێشتا هەر هەیە." لە راگەیێندراوەکە داوای لە ئەمریکییەکان کرد، شەڕ بکەن بۆ هێشتنەوەی سەرنجی وڵاتەکە لەسەر یەکسانی، ژیان، ئازادی و دڵخۆشی.
کابینەکەی بایدن سەرپەرشتیی دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنای کرد و دەستیان لە بووژانەوەی ئابووریدا هەبوو، هەرچەندە هەر لە کابینەکەی ئەودا بوو کە هەوڵاوسان بەرزبووەوە و نرخەکان فڕین، ئەمەش دڵی دەنگدەرێکی زۆری شکاند. کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی 2024 سوودیان لە تووڕەیی خەڵک وەرگرت و خەڵکیان زیاتر لە دژی دیموکراتەکان هان دا.
بایدن، نزیکەی سی ساڵی تەمەنی لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بەڕێکرد. هەشت ساڵ جێگری باراک ئۆباما بوو و چوار ساڵیش سەرۆکی ئەمریکا بوو. ئەو پێی وایە رۆژئاوا پێکەوە و بەیەک دەنگ پشتگیری لە ئۆکراینا لە دژی رووسیا بکەن. هەروەها، پێیوایە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە 2021 لە ئەفغانستان یەکێکە بووە لە دەستکەوتەکانی سیاسەتی دەرەوە.
لە کشانەوە پڕ پشێوییەکەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، 13 سەربازی ئەمریکی کوژران، ئەمەش زیانێکی زۆری بە بایدن و ناوبانگەکەی گەیاند.
بایدن لە سەرەتای جەنگی غەززەوە پشتگیرییەکی زۆری ئیسرائیل کردووە کە نزیکەی 50 هەزار کەس لەو جەنگە لەنێو چوون.