ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ رووداو: هاوبەشیمان لەگەڵ هەسەدە بە بەهێزی دەمێنێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، بە هاوبەشیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش بەردەوامن. ئاماژە بەوەش دەکات، هاوبەشییان لەگەڵ هەسەدە "زۆر زۆر بە بەهێزی دەمێنێتەوە."
 
رۆژی سێشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2025 جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند، ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بریتییە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش.
 
لەوبارەیەوە کێربی گوتی، "هەروەک دەزانن، بوونی ئێمە لەڕووی سەربازییەوە لە سووریا بچووکە. ئێمە تەنیا بۆ یەک ئامانج لەوێین، ئەویش ئەوەیە کە بەردەوام بین لە راوەدوونانی داعش."
 
کێربی هۆشداریی دا لەوەی داعش دەیەوێت سوود لە دۆخی ئێستای سووریا وەربگرێت و گوتی، "داعش دەیەوێت سوود لەو نادڵنیاییەی سووریا وەربگرێت کە هەیە. ئەوان هیچ شتێکیان لە بوونی بۆشایی پێ خۆشتر نییە، هیچ شتێکیان لە بۆشاییەکی بێ دەسەڵات خۆشتر ناوێت، کە تێیدا ئازادانە بسووڕێنەوە و هەوڵی دووبارە خۆڕێکخستنەوە بدەن."
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانی ئەمریکا بە هاوبەشیی هەسەدە ئۆپەراسیۆنی رووبەڕووبەوەی داعش ئەنجام دەدەن، "ئەو هاوبەشییە زۆر زۆر بە بەهێزی دەمێنێتەوە و دەمانەوێت بەردەوام بێت."
 
کێربی نیگەرانییەکانی تورکیای لەبارەی سنوورەکانی لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان و سووریا بە "رەوا" ناوبرد و گوتی، "تێدەگەین کە تورکیا نیگەرانیی ئەمنیی رەوای بە درێژایی ئەو سنوورە هەیە. هاووڵاتییانی تورکیا، شارۆچکە و شارەکانی تورکیا بە درێژایی سنوور لەلایەن تیرۆریستانەوە هێرشیان کراوەتەسەر. ئەوان [تورکیا] مافی رەوایان هەیە بتوانن بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکان بەرگری لە خۆیان بکەن."
 
گوتەبێژەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دژایەتیی بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێک دەربڕی کە لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بکرێتە سەر هەسەدە و، ببێتە هۆی ئەوەی سەرنجی هەسەدە لەسەر شەڕی دژ بە داعش نەمێنێت.
 
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی تۆڕی میدیایی رووداودا لەبارەی ئاگربەستی غەززە، کێربی گوتی، ئەوان لە نێوەندگیریی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە دەوحە بەردەوامن و ئاماژەی بەوەش کرد، رێککەوتنەکە "زۆر زۆر نزیکە."
 
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی جۆن کێربی:
 
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز کێربی. من دیار کوردەم لە تۆڕی میدیای رووداو کە تۆڕێکی کوردییە لە کوردستانی عێراق.
 
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا: بەڵێ، دەزانم.
 
رووداو: هیچ شتێکت هەیە لەسەر ئاگربەستی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان پێمانی بڵێیت؟ ئایا پێش 20ی کانوونی دووەم هیچ شتێک روودەدات؟ ئایا ئەمریکا چ رۆڵێکی لەم ئاگربەستەدا هەیە؟
 
جۆن کێربی: ئەمریکا ئەمڕۆ بە هەمان شێوەی چەندین مانگ پێش ئێستا هەمان رۆڵی بەهێزی هەیە، کاتێک کە پێکهاتە سەرەکییەکانی رێککەوتنەکە دامەزرێندران. بریا هەواڵێکی بەپەلەم پێبا و پێم گوتبایت کە ئێستا ریککەوتنێک کراوە. ئێستا کە ئێمە قسە دەکەین، برێت مەکگۆرک لە دەوحەیە و خەریکی گفتوگۆکانە. پێمان وایە کە لە لێواری شتێکداین؛ پێمان وایە زۆر زۆر نزیکین، بەڵام هەروەک لە رابردوودا بینیومانە، تاوەکو هەموو وردەکارییەکان تەواو نەبن، ناتوانیت سەرکەوتن رابگەیێنیت. هەربۆیە ئێمە هێشتا کار لەسەر ئەو کەلێنانە دەکەین کە تاوەکو ئێستا ماونەتەوە. بەڵام پێمان وایە کە لە رێککەوتن نزیکن و بەهیواین پێش ئەوەی کاری ئەم ئیدارەیە تەواو بێت، رێککەوتنەکە تەواو بکەین. دووبارە تیشک دەخەمە سەر ئەوەی کە ئێستا لە کوێین و پێکهاتەی رێککەوتنەکە کە هەیە، هەمان ئەو پێکهاتەیە کە ئێمە پێش چەندین مانگ خستمانە سەر مێزی گفتوگۆ و پێویستی بە دیپلۆماسیەتێکی زۆر و ئەو گوشارە زۆرە بوو کە لەسەر حەماسە بۆ ئەوەی بگەین بەو خاڵەی ئێستا.
 
رووداو: ئایا هیچ قسەیەکت هەیە لەسەر هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە کە لە شەڕی دژی داعشدا هاوبەشییانن لەگەڵ گرووپەکانی سەر بە تورکیا؟ هەر لەسەر ئەمە، هێزەکانی سووریای دیموکرات گوتوویانە کە ئامادەن بچنە نێو سوپای نوێی سووریا. ئایا هیچ بیرۆکەیەکتان هەیە کە چۆن تێکەڵ بە سوپای نوێی سووریا دەبن؟ ئایا ئەمە نیگەرانییەکانی تورکیا دەڕەوێنێتەوە؟
 
جۆن کێربی: ریزبەندیی شتەکانت تێکەڵ کرد. تەنیا ئەوە دەڵێم کە بوونی ئێمە لەڕووی سەربازییەوە لە سووریا بچووکە و تەنیا بۆ یەک ئامانج لەوێین، ئەویش ئەوەیە کە بەردەوام بین لە راوەدوونانی داعش. هیچ هەڵەیەک مەکەن، داعش دەیەوێت سوود لەو نادڵنیاییەی سووریا وەربگرێت کە هەیە. ئەوان هیچ شتێکیان لە بوونی بۆشایی پێ خۆشتر نییە، هیچ شتێکیان لە بۆشاییەکی بێ دەسەڵات خۆشتر ناوێت کە تێیدا ئازادانە بسوڕێنەوە و هەوڵی دووبارە خۆڕێکخستنەوە بدەن. سەرۆک بایدن پێی وایە کە بوونی هێزەکانمان لەوێ [لە سووریا] هێشتا زۆر گرنگە بۆ ئەوەی رێگە لە داعش بگیرێت کە لە سەرووبەندی رۆیشتنی ئەسەد ئەمە بکات. ئەوە ئەو شتەیە کە سەرنجمان خستووەتە سەر. هەروەک ئێوەش تێبینیتان کردووە، ئێمە ئەو ئەرکە و ئەو ئۆپەراسیۆنانە بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەنجام دەدەین. ئەو هاوبەشییە زۆر زۆر بە بەهێزی دەمێنێتەوە و دەمانەوێت بەردەوام بێت. تێدەگەین کە تورکیا نیگەرانی ئەمنیی رەوای بە درێژایی ئەو سنوورە هەیە. هاووڵاتییانی تورکیا، شارۆچکەکانی تورکیا و شارەکانی تورکیا بە درێژایی سنوور لەلایەن تیرۆریستانەوە هێرشیان کراوەتە سەر. ئەوان [تورکیا] مافی رەوای هەیە بۆ ئەوەی بتوانن لە بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکان بەرگری لە خۆیان بکەن. ئێمە لەوە تێدەگەین و لە گفتوگۆیەکی چالاکداین لەگەڵ تورکەکان لەبارەی ئەوەی کە چۆن ئەوە بکەین، ئەوان چۆن ئەوە بکەن. ئەوەی ئێمە نامانەوێت بیبینین و لەوبارەیەوە روون و شەفاف بووین ئەوەیە کە نامانەوێت ئەو ئۆپەراسیۆنانە ببینین کە هێزی سووریای دیموکراتی هاوبەشمان ناچار بکات تیشک بخاتە سەر شتی دیکە، جگە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش، کە هێشتا ئەو رووبەڕووبوونەوەیە زۆر گرنگە.