هەفتەیەک ئاگر لە لۆس ئەنجلس؛ بایەکی بەهێز هەڕەشەی تەشەنەسەندنەوەی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دوای هەفتەیەک، ئاگرە گەورەکەی شاری لۆس ئەنجلسی کالیفۆرنیا نزیکە لەوەی کۆنترۆڵکرابێت، بەڵام پێشبینییەکان بۆ بایەکی بەهێز، ترسی تەشەنەسەندنەوە ئاگرەکەی زیاد کردووە و چەندین ناوچەی لۆس ئەنجلس لەژێر هەڕەشەدان.
ئێستا ئاگرکوژێنەوەکان لە ناوچە سووتاوەکان کار بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاگرێکی نوێ دەکەن، واتە ئاگرە گەورەکە کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام رەنگە بایەکی نوێ بێت و جارێکی دیکە ئاگر گەشە بکات، یان ئەو شوێنانەی کە ئاگر تێیاندا کوژێندراوەتەوە هێشتا ئاگری بچووکیان تێدا بەردەوام بێت. ئاگرکوژێنەوەکان ئەو شوێنانە کۆنترۆڵ دەکەن بۆ رێگری لە گەورەبوونی ئەو ئاگرانە.
برایان پارتلۆ، ئەندامی تیمی ئاگرکوژێنەوەیە و بە رووداوی گوت، "ئێمە بە هەموو ئەو شوێنانەدا دەگەڕێین کە پێمان راسپێردراوە، هەوڵمان داوە یارمەتی بدەین لە بڕینی کارەبا و ئاو و شتی لەو جۆرە، هەرچی لە دەسەڵاتماندا بێت ئەنجامی دەدەین. پاشان بەدوای ئاگرە بچووکەکانیشدا دەگەڕێین، چونکە هەندێک لەم خانووانە زۆر گەورەن و ژێرزەمینی و شوێنی وایان هەیە کە هێشتا ئاگریان تێدا دەسووتێت. بۆیە بەراستی هەوڵدەدەین، وەک دەزانن، ئەمشەو چاوەڕێی بایەکی بەهێز دەکەین بۆیە دەبێت دڵنیا ببینەوە کە هیچ ئاگرێک نەماوە."
هەرچەندە زیاتر لە 12 هەزار ماڵ، هەزاران ئۆتۆمبێل، دار، باخ و باخچە سووتاون، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاگرێکی نوێ ئامادە دەکەن، چونکە پێشبینییەکانی کەشوهەوا دەڵێن، بایەکی نوێ دێت و رەنگە ئاگر جارێکی دیکە تەشەنە بکاتەوە.
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، تائێستا بەلایەنی کەمەوە 24 کەس بەهۆی ئەو ئاگرانەوە گیانیان لەدەستداوە، دەیان کەسیش بریندار بوون و زیانی ئاگرەکەش ملیارەها دۆلارە.
لە ناوچەی پالیسەید، 200 هەزار هاووڵاتی ئاوارەبوون، لە ناوچەی ئیتۆنیش پێشبینیی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی هاوشێوە دەکرێت.
پالیسەید و ئیتۆن یەکەم و دووەم گەورەترین ئاگرەکانی ئەم جارەی کالیفۆرنیان کە ئێستا مەترسییان لەسەر ژیانی شەش ملیۆن کەس دروستکردووە.