دۆناڵد ترەمپ بۆ دەنگدەران: لە سەرەمەرگیشدا بوون، بچن دەنگ بدەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا داوا لە دەنگدەرانی ویلایەتی ئایۆوا کرد، ئەگەر لە سەرەمەرگیشدا بن، یان ئەگەر ئەوەندە تەندروستییان خراپ بوو لەدوای دەنگدانیان، بمرن، هەر بچن دەنگ بدەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری سەرەکیی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی، رۆژی دووشەممە، 15ی کانوونی دووەمی 2024، لە گوتارێکدا لەبەردەم دەنگدەرانی پارتەکەی لە ویلایەتی ئایۆوا، کە یەکەم هەڵبژاردنی بەرایی کۆمارییەکان بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێری پارتەکەیان بەڕێوەدەچێت، داوای لێکردن کە بە هەر شێوەیەک بێت دەنگ بدەن، تەنانەت ئەگەر دوای دەنگدانیش بمرن.
ترەمپ بەشێوەی فەرمانی داوای لە دەنگدەران کرد لە ماڵەکانیان نەمێننەوە، "تەنانەت ئەگەر بچیت دەنگ بدەیت و دواتر مردیت، ئەوا دەنگدان شیاویەتی."
بەگوێرەی دوایین راپرسی بۆ هەڵبژاردنی بەرایی کۆماریەکان لە ویلایەتی ئایۆوا، پێشبینی کراوە کە ترەمپ 48%ی دەنگی ئەو ویلایەتە بەدەست بهێنێت؛ نیکی هەیڵی 20%ی دەنگەکان و رۆنی دیسانتیس 16%ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت.
ترەمپ داوای لە کۆمارییەکان کرد، یەکەم هەنگاو لە پرۆسەی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بگرنەبەر و نزمبوونەوەی پلەی گەرمی لەو ویلایەتە و شەپۆلی بەفربارین نەکەنە بیانوو و بچن بۆ دەنگدان. هەروەها ترەمپی تەمەن 77 ساڵ گوتیشی، "ئەگەر دەتانەوێت ئەمریکا لەدەست بایدنی تەڵەکەباز بپارێزن، دەبێت دەنگ بدەن، ئەوە یەکەم هەنگاوە."
لە درێژەی گوتارەکەیدا، ئەو بەربژێرەی کۆمارییەکان باسی لە کێشە یاسایی و دادگاییکردنەکانی کرد و رایگەیاند، ئەو چوار کەیسەی لە دژی دروستکراون، "هەمووی ئامانجەکەی سیاسییە" و تەنیا بۆ ئەوەیە لە هەڵبژاردنەکان دووربخرێتەوە.
بڕیارە 05-11-2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەبچێت و دەنگدەران سەرۆک و جێگرەکەی بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێرن.
ئەم هەڵبژاردنە، بە گوتەی ترەمپ، دەرفەتی دەنگدەرانە سەرکەوتن بەدەستبهێنن بەسەر "درۆزن، ساختەچی و چەتەکان." دەشڵێت، "زۆنگاوی واشنتن هەموو توانایان بەکارهێناوە تاوەکو دەنگتان ببەن، بەڵام ئەمجارە نۆرەی ئێوەیە، کە دەنگتان هەبێت و بۆچوونتان دەرببڕن و دەنگ بدەن."