میدیای ئەمریکی دەڵێت، 1500 سەرباز دەنێردرێنە عێراق و سووریا؛ عێراق رەتیدەکاتەوە

15-01-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا بەغدا هەوڵدەدات ئەمریکا رازی بکات هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە، میدیای ئەمریکی دەڵێت، واشنتن بەنیازە 1500 سەرباز بنێرێتە عێراق و سووریا بۆئەوەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش جێگیر بکرێن. شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقیش رەتیدەکاتەوە هیچ هێزێکی بیانیی نوێ لە عێراق جێگیر بکرێن.
 
ئەو سەربازانەی بڕیارە بنێردرێن، سەر بە هێزی گاردی نیشتمانیی نیو جێرزین.
 
کۆلۆنێڵ عومەر مینۆت، یەکێکە لەو 1500 سەربازەی بڕیارە جێگیر بکرێن، بە میدیای ئەمریکیی گوتووە، "خەڵکی پێویستمان هەیە. مەشق و راهێنانی پێویستمان وەرگرتووە. کەلوپەلی پێویستمان بۆ شەڕکردن و بردنەوە هەیە."
 
بەڵام لیوا تەحسین خەفاجی، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوتووە، ئەو هەواڵانەی باس لە ناردنی هێزی زیاتر بۆ عێراق دەکەن، راست نین. جەختیشی کردەوە، عێراق پێویستی بە هیچ هێزێکی بیانی نییە و مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش تەنیا بۆ راوێژدان، مەشقپێکردن و زانیاریی ئەمنییە.
 
ئەمریکا 2500 سەربازی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و 900ی دیکەشی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە. پێنتاگۆن هیچ لێدوانێکی فەرمیی نەبووە لەسەر ئەوەی، ئایا ئەو 1500 سەربازە نوێیە بۆ شوێنگۆڕین یان زیادکردنی هێز دەنێردرێن.
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، لە تشرینی یەکەمی 2023وە، ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە گەیشتووەتە 45400 سەرباز. زۆربەیان لە کوێتن کە ژمارەیان 13500 سەربازە، لەدوای ئەویش 9000ی دیکە لە بەحرێن و 8000 لە قەتەر جێگیر کراون.
 
خەفاجی ئاماژەی بەوەش کردووە، وادەی دەستبەکاربوونی ئەو لیژنە هاوبەشەی بڕیارە کار لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق بکات، "نزیکبووەتەوە."
 
یەکێک لە کارەکانی لیژنەکە، بە گوتەی خەفاجی، "دانانی خشتەی کاتییە بۆ کشانەوەی هاوپەیمانی لە عێراق و پێداچوونەوەی پەیوەندییە بە گشتی."
 
هەروەها باسی لەوە کردوە، کە "تێڕوانینێک هەیە بۆ ئەوەی یاداشت و رێککەوتنی دووقۆڵی لە نێوان عێراق و هەندێ وڵاتی نێو هاوپەیمانییەکە واژۆبکرێن لە پێناو چەکدارکردن و راهێنان و ئاڵۆگۆڕکردنی زانیاری."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی مۆزەکە لە مەزادخانەی سۆسبی بەریتانی، کە بارەگاکەی لە نیویۆرکە. وێنە: AP

مۆزێک بە 6.24 ملیۆن دۆلار فرۆشرا

مەزادخانەی سۆسبی بەریتانی، کە بارەگاکەی لە نیویۆرکە بڵاویکردەوە، مۆزێک لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە 6.24 ملیۆن دۆلار [شەش ملیۆن و 240 هەزار دۆلار] فرۆشرا.