رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و فەرەنسا پاڵپشتیی وڵاتەکانیان بۆ ئۆکراینا لە جەنگی دژی رووسیا دووپاتکردەوە و ئامادەن هاوکاربن تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بێت.
رۆژی یەکشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2024 ستیفان سیجۆون، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئەنالینا بەربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، "هەردوولا رێککەوتوون کە پێویستە تاوەکو ئەو کاتەی پێویستە پاڵپشتیی ئۆکراینا دەکەن."
هەروەها، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش گوتی، "لە بەرەی ئۆکرایناین تاوەکو ئەو کاتەی رووسیا دەکشێتەوە." دەشڵێت، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا نایەوێت جەنگەکە بوەستێت و کۆتایی بێت.
پاڵپشتیی وەزیرانی دەرەوەی ئەو دوو وڵاتە بۆ ئۆکراینا لە کاتێکدایە 1ی شووباتی داهاتوو بڕیارە یەکێتیی ئەوروپا دەنگ لەسەر ناردنی 50 ملیار دۆلار هاوکاری بۆ کیێڤ بدات. کانوونی یەکەمی رابردوو، لە لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا هاوکاریی سەربازیی یەکێتییەکەی بۆ ئۆکراینا بلۆک کرد، کە بریتی بوو لە 50 ملیار یۆرۆ.
هەروەها، کانوونی یەکەمی رابردوو ڤۆلۆدیمیر زیلینکسی، سەرۆکی ئۆکراینا لە ئەمریکا بوو بۆ رازیکردنی کۆنگرێسی ئەمریکا لە پێدانی 60 ملیار هاوکاری سەربازی ئەمریکی بۆ سوپاکەی، بەڵام میدیای ئەمریکا ئاماژە بەوە کرد سەرۆکی ئۆکراینا سەرکەوتوو نەبووە لە هەوڵەکانی.
بەگوێرەی وێبسایتی ڤیژواڵ کاپیتاڵێست، لە 23 مانگی سەرەتای جەنگی ئۆکراینا و رووسیاوە 230 ملیار دۆلاری هاوکاریی گەیەندراوەتە ئۆکراینا کە 70٪ی لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاواوە دابینکراوە.
24ی شوباتی 2022 شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد. بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 10 هەزار کەسی سڤیل لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کوژراون.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەش کە لەلایەن ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، لە سەرەتای جەنگەکەوە 70 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون و 130 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لە سوپای رووسیاش، 120 هەزار سەرباز کوژراون و 280 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ