سندووقی نێودەوڵەتیی دراو: AI کاریگەریی لەسەر 60٪ـی کارەکانی ئابووریی پێشکەوتوو دەبێت

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کاروباری سندووقی نێودەوڵەتیی دراو رایگەیاند ژیریی دەستکرد، کاریگەریی لەسەر 60٪ـی ئەو کارانە دەبێت، کە لە ئابووری پێشکەوتوودا بەردەستن، بەڵام رێژەی کاریگەرییەکە بۆ وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان و وڵاتانی کەمداهات، کەمترە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2024، کرستالینا جیۆرگیڤا، بەڕێوەبەری کاروباری سندووقی نێودەوڵەتیی دراو رایگەیاند، "ژیریی دەستکرد، کاریگەریی لەسەر 60٪ـی ئەو کارانە دەبێت کە لە ئابووری پێشکەوتوودا بەردەستن، بەڵام رێژەی کاریگەرییەکە بۆ وڵاتانی تازە گەشەسەندوو 40٪ـە و بۆ وڵاتانی کەمداهاتیش بۆ 26٪ دادەبەزێت. 
 
بەڕێوەبەری کاروباری سندووقی نێودەوڵەتیی دراو ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمساڵ ساڵێکی زۆر قورس دەبێت، چونکە سیاسەتی دارایی وڵاتان پێویستی بە دووبارە بنیاتناوەیە و پێویستە مامەڵە لەگەڵ ئەو قەرزانەدا بکەن کە لەسەر زۆربەی وڵاتانی جیهان کەڵەکە بوون.
 
لەبارەی ئەوەی؛ زۆربەی وڵاتانی جیهان لە 2024ـدا هەڵبژاردنیان تێدا دەکرێت کرستالینا جیۆرگیڤا دەشڵێت، "80٪ـی وڵاتان هەڵبژاردنیان دەبێت و دەزانین چ گوشارێک لەسەر خەرجییەکان دروست دەبێت لەکاتی هەڵبژاردندا."
 
ئەو گوتانەی بەرپرسەکەی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو دوای ئەوە هاتن، کە دوێنێ رێکخراوەکە بڵاویکردەوە، ژیریی دەستکرد کاریگەریی نەرێنی لەسەر 50٪ـی ئەو کارانە دەبێت، کە دەکەونە ژێر کاریگەرییەوە. هەروەها لەبارەی کاریگەرییشی لەسەر بازاڕی کار، بەرپرسەکەی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو جەختی لەوە کردەوە، "یان دەبێتە هۆی ئەوەی کارەکەت لەدەست بدەیت، یان کارەکەت بەرەوپێش دەبات و وا دەکات بە بەرهەمتر بیت و داهاتی زیاترت دەستبکەوێت."
 
ئەو گوتانەی بەرپرسەکەی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پێش بەڕێکەوتنی بوو بۆ داڤۆس، کە بڕیارە لەو شارەی سویسرادا 54ـەمین کۆربەندی ئابووریی جیهان لە رۆژانی 15 بۆ 19ـی کانوونی دووەم بەڕێوەبچێت. کۆڕبەندەکە بە بەشداریی 2800 میوان لە 120 وڵات، هەروەها 60 سەرۆک و سەرۆکوەزیران دەبێت.