سەرۆکی ئەمریکا چۆن هەڵدەبژێردرێت؟

رووداو دیجیتاڵ 
 
ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگە لە پرۆسەی دوورودرێژی هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا، تێیدا هەڵبژاردنی بەرایی بەربژێری کۆمارییەکان لە ویلایەتی ئایۆوا دەستپێدەکات.
 
دیموکراتەکان و کۆمارییەکان، دوو پارتە سەرەکییەکەی ئەمریکا، سەرەتا هەڵبژاردنی بەرایی دەکەن، بۆ ئەوەی لە هەر ویلایەتێکدا، ژمارەیەک نوێنەر هەڵبژێرن. ئەو نوێنەرانە، دواتر دەنگ لەسەر بەربژێری کۆتایی پارتەکانیان دەدەن. بەربژێرەکانیش لە 5ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.

 

ڤیدیۆگرافیک: رێگەی گەیشتن بە کۆشکی سپی
 
هەر بەربژێرێک بییەوێت ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، رێگەی سەخت و دوورودرێژی لەبەردەمە کە دەبێت لە چەندین وێستگەدا دەرباز بێت.
 
هەر ویلایەتێک، هەڵبژاردنی تایبەت بە خۆی دەکات بۆ ئەوەی نوێنەرەکانیان هەڵبژێرن، ئەو نوێنەرە هەڵبژێردراوانە لە کۆنگرەی پارتەکانی کۆماری و دیموکراتدا بەربژێری کۆتایی هەردوو پارتەکە دیاریدەکەن. 
 
دەستنیشانکردنی بەربژێرەکان بە دوو رێگە دەکرێت:
 
یان بە کۆکەس، واتە کۆبوونەوە نێوخۆیی پارتەکان، یان خەڵک لە سەرانسەری هەر ویلایەتێکدا هەڵبژاردنێکی بەرایی دەکەن بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێرەکانیان. 
 
پرۆسەکە بە کۆبوونەوەی نێوخۆیی پارتەکان لە ویلایەتی ئایۆوا دەستپێدەکات، دواتریش لە نیوهامشێر هەڵبژاردنی بەرایی دەکرێت. 
 
سێشەممەی مەزن، کە دەکەوێتە 5ـی ئادار، یەکێکە لە گرنگترین رۆژەکانی پرۆسەکە، تێیدا زۆربەی ویلایەتەکان لە یەک کاتدا هەڵبژاردنی بەرایی دەکەن.
 
دەستنیشانکردنی بەربژێرەکان چوار تاوەکو پێنج مانگ دەخایێنێت 
 
ئەو نوێنەرانەی لە هەڵبژاردنی بەرایی و کۆبوونەوەی نێوخۆیی پارتەکاندا هەڵبژێردراون، لە کۆنگرەی نیشتمانیی پارتەکانیاندا دەنگ لەسەر بەربژێرەکان دەدەن، بەو شێوەیە هەر پارتێک بەربژێری کۆتایی خۆی دیاریدەکات. 
 
دواتر دوو بەربژێرە براوەکەی کۆماری و دیموکراتەکان، لە 5ـی تشرینی دووەمی 2024ـدا لە هەڵبژاردنی گشتی رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.