رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا گەیشتووەتە 6.5%

16-01-2023
دیار کوردە @diyarkurda
 ئەم هەڵاوسانەی ئێستا لە ئەمریکا هەیە، لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا بەم شێوەیە نەبووە
ئەم هەڵاوسانەی ئێستا لە ئەمریکا هەیە، لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا بەم شێوەیە نەبووە
A+ A-
 
رووداو - واشنتن

رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا ئێستا 6.5%ـە، ئەمەش بەراورد بە چەند مانگی رابردوو کەمتر بووەتەوە، بەڵام هێشتا بەراورد بە ساڵێک بەر لە ئێستا رێژەیەکی بەرزە و کاریگەرییەکانی لە بازاڕ بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێت.
 
بانکی فیدراڵیی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان، لە ساڵی رابردوودا حەوت جار بە رێژەی 0.25% سوودی بانکی زیاد کرد، ئەم بڕیارە وایکرد کەمێک رێژەی هەڵاوسان دابەزێنێت، بەڵام لە بەرامبەردا کاریگەریی گەورەی لەسەر گەشەی ئابووری و هەروەها بازاڕەکانیش دروستکرد، یەکێک لەو کەرتانەش کە رووبەڕووی زیانی گەورە بووەتەوە، کەرتی خانووبەرەیە.
 
تۆبیاس پیتەر، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە ئەمێریکان ئینتەرپڕایز دەڵێت، ''هەڵاوسان رەهەندێکی گرنگی سیاسەتی خەزێنەی فێدراڵییە، چونکە ئەوان رێژەی سوودی بانکی دیاری دەکەن و ئەو رێژەیەش کاریگەریی لەسەر ئاراستەی نرخی خانووبەرە دەبێت، بەتایبەتیش ئێستا قیستی خانووبەرە دوو هێندە بووە بەراورد بە ساڵێک بەر لە ئێستا، ئەمەش وایکردووە بازاڕی خانووبەرە خاو ببێتەوە و گەشەی بازاڕەکە خاو ببێت؛ چاوەڕێی ئەوەش دەکەین لە ماوەی ساڵی داهاتوودا بەم شێوەیە بمێنێتەوە و بۆ کۆتایی ئەمساڵ بە رێژەی 5% کەم ببێتەوە.''
 
ئەم هەڵاوسانەی ئێستا لە ئەمریکا هەیە، لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا بەم شێوەیە نەبووە، پێشبینیش دەکرێت بانکی فێدراڵی لە ساڵی 2023 بەلایەنی کەمەوە تاوەکو نیوەی یەکەمی ئەمساڵ لە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بەردەوام بێت، تاوەکو ئاستی هەڵاوسن بۆ نزمترین ئاست دابەزێنێت.
 
ئەم سیاسەتەی بانکی فێدراڵییش ترسێکی گەورەی لەسەر گەشەی ئابووری دروستکردووە و بەشێک لە شارەزایانی ئابووری دەڵێن، "رەنگە ئەمە وا بکات ئەمریکا رووبەڕووی سستیی ئابووری بکاتەوە، چونکە بێجگە لە هۆکاری هەڵاوسان، کۆمەڵێک هۆکاری دەرەکییش هەن کاریگەریی گەورەیان لەسەر ئابووریی ئەمریکا هەیە."
 
جاسمین ئەمین، سکرتێری ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا - کوردستان دەڵێت، "کۆمەڵێک فاکتەر هەن دەبنە هۆکاری ئەگەری زۆریی سستیی ئابووری، یەکەم هەڵاوسان، دووەم شۆکی ئابووری لە ئەنجامی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا و کورتهێنانی دابینکردنی کاڵاکان، لەگەڵ کۆمەڵێک هۆکاری دیکە کە نەک تەنیا لە ئەمریکا، بەڵکو لە جیهانیش چاوەڕوانی لاوازیی گەشەی ئابووری و ئەگەری روودانی هەڵاوسان بکرێت."
 
هەرچەندە هێشتا نیگەرانییەکان لە روودانی سستیی ئابووری نەڕەویونەتەوە، بەڵام بانکی فێدراڵیی ئەمریکا و ئیدارەی بایدنیش گەشبینن بەوەی هەم دەتوانن لەمساڵدا رێژەی هەڵاوسان بە تەواوەتی کۆنترۆڵ بکەن، هەمیش رێگە لە روودانی سستیی ئابووری بگرن.
 
ئیدارەی بایدن بۆچوونی وایە لە سیاسەتی ئابووریدا سەرکەوتووبوون و توانیویانە تاوەکو ئاستێک رێژەی هەڵاوسان و نرخەکانی بەکاربەر کەم بکەنەوە، بەتایبەتی نرخی بەنزین نزیکەی دۆلارێک تاوەکو دوو دۆلار بۆ هەر گالۆنێک کەم بکەنەوە، بەڵام کۆمارییەکان بە پێچەوانەوە رەخنەی ئەوە لە ئیدارەی بایدن دەگرن کە لە سیاسەتی ئابووریدا شکستیخواردووە و دەڵێن، "بایدن هاتە سەر حوکم ئابووری تێکچوو و هێشتاش نەیتوانیوە وەکو خۆی لێبکاتەوە، چجای باشتری بکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.