دۆخی سووریا وڵاتانی ئاسیا، ئەورووپا و ئەمریکا لە عەقەبەی ئوردن کۆدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئوردن کۆبوونەوەیەکی گرنگی نێوان دیپلۆماتانی ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، نەتەوە یەکگرتووەکان، تورکیا و وڵاتە عەرەبییەکان لەسەر دۆخی سووریا بەڕێوەدەبات.
 
رۆژی شەممە 14-12-2024، کۆبوونەوەیەکی گەورەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان لەسەر دۆخی سووریا، لە شاری عەقەبەی ئوردن بەڕێوەدەچێت، کە 325 کیلۆمەتر لە عەممانی پایتەخت دوورە. یەکێک لە بەشداربووە هەرە گرنگەکان ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە.
 
کایا کالاس، نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئەمنی، یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە دەبێت. کالاس هەروەها جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپایە.
 
جگە لە بلینکن؛ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و گیێر پێدرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا لەسەر مێزی گفتوگۆکە دەبن.
 
رۆژی پێنجشەممە 12-12-2024، وەزارەتی دەرەوەی ئوردن رایگەیاند: "وەزیرانی دەرەوەی ئوردن، سعودیە، عێراق، لوبنان، میسر، ئیمارات، بەحرەین و قەتەر لەسەر دۆخی سووریا لەگەڵ دیپلۆماتانی ئەمریکا، تورکیا، یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان کۆدەبنەوە".
 
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئوردن، لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەسەر رێگەکانی پشتیوانیکردن لە پرۆسەی سیاسیی سووریا دەکرێت، "کە هاوتەریبی پەیماننامەی 2254ـی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت". 
 
"ئامانجی پەیماننامەکە دروستکردنەوەی دامەزراوە حکومییەکانی سووریا و پاراستنی یەکێتی، سەلامەتیی خاک، سەروەری، سەقامگیری، ئاسایش و مافی هەموو سووریاییەکانە". ئەمە بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئوردن. 
 
لەلایەکی دیکە، ئەمڕۆ شەممە، تورکیا دووبارە باڵیۆزخانەکەی لە دیمەشق دەکاتەوە، کە لە 2012ـەوە داخرابوو.
 
بەگوتەی دیپلۆماتێکی قەتەری، شاندێکی قەتەر رۆژی یەکشەممە، (15-12-2024) دەچنە سووریا بۆ ئەوەی لەگەڵ حکومەتی راگوزەری ئەوێ کۆببنەوە و تاوتوێی کردنەوەی باڵیۆزخانەی قەتەر بکەن.
 
جیا لە وڵاتانی دیکەی عەرەبی، قەتەر لەدوای بەرپابوونی جەنگی نێوخۆی سووریا لە 2011، هەرگیز پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا چاکنەکردەوە.
 
دوای زیاتر لە نیو سەدە حوکمی بنەماڵەی ئەسەد، رۆژی 08-12-2024، حکومەتی سووریا رووخا و بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا بە فڕۆکەیەک بە پەلەپڕووزێ، بەرەو مۆسکۆ هەڵات. 
 
داکوتینی دوایین بزمار لە تابووتەکەی حوکمی ئەسەد بە دەستی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام– هەتەشە بوو. ئەوان لە 25-11-2024، بە ئاراستەی حەلەب هێرشیان کرد و لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتە گەیشتنە دیمەشق.
 
ئەسەد لە سووریا هەڵات، کۆتایی بە چەرخێک لە "خۆپێشاندان، دەستگیرکردن، ئەشکەنجەدان و کوشتنی خۆپیشاندەران هات؛ کە لە 14 ساڵدا زیاتر لە 500 هەزار کەس کوژران و ملیۆنانیش دەربەدەر بوون".
 
رۆژی 13-12-2024، سووریا یەکەم هەینی بەبێ حوکمی ئەسەد بەڕێکرد و خەڵک لە مزگەوتی ئومەوی دیمەشق "نوێژی هەینیی سەرکەوتن"ـیان کرد و دواتر ئاهەنگیان گێڕا. 
 
بلینکن و گەشتی ناوچەکە
 
رۆژی پێنجشەممە، 12-12-2024، بلینکن لە ئەمریکاوە گەیشتە ئوردن، لەگەڵ عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن کۆبووەوە. هەردووکیان داوایانکرد ئاسایشی سووریا زامن بکرێت.
 
بلینکن دواتر سەردانی تورکیای کرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەی بلینکن لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا؛ لەسەر داهاتووی سووریا و هاوئاهەنگیی واشنتن و ئەنقەرە لە قۆناخی داهاتووی ئەو وڵاتە بووە.
 
لەبارەی کۆبوونەوەکە، ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە بەرژەوەندیی هاوبەش و پشتگیریی لە سووریاییەکان لە قۆناخی راگوزەری سیاسیی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان و بەرپرسیار کراوە. هەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە، پێویستە رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگیرێت و خەڵکی سڤیل بپارێزرێن، بەتایبەتی کەمینەکانی سووریا. بلینکن دڵنیایی داوە لە درێژەدان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە سووریا".
 
دواتر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە سەردانێکی رانەگەیێندراو هاتە عێراق و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. بلینکن گوتی: "بە سەرۆکوەزیرانی عێراقم گوت، ئێمە پابەندین بە کارکردن بۆ ئاسایشی و سەروەریی عێراق، هەروەها بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە کە عێراق بەهێز و پارێزراوە".
 
دوای کۆبوونەوەکە، نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی بڵاویکردەوە: "لە کۆبوونەوەکە سەرنجی گفتوگۆکان لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا، رێگەکانی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی هاوبەش و دۆخی ناوچەکە بەتایبەت پێشهاتەکانی سووریا بوون. دۆخی سووریا پێویستیی بە هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانە بۆ ئەوەی ئاسایشی سووریا بەهێزبکرێت و لە سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە دڵنیابینەوە".
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کۆبوونەوەکەی بەغدا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بلینکن جەختی لە پابەندیی ئەمریکا بۆ هاوبەشیی ستراتیژیی عێراق کردەوە و پشتیوانیی ئەمریکای بۆ پرۆسەی سیاسیی سووریا دووپاتکردەوە".
 
ئەورووپا دەیەوێت دەستی بگاتە سووریا
 
حکومەتی نوێی سووریا کە هەتەشە خەریکی پێکهێنانیەتی، بەڵێنیداوە سەروەریی یاسا و مافی هەموو سووریاییەکان بپارێزێت.
 
بەگوتەی بەرپرسێکی یەکێتیی ئەورووپا: "یەکێتیی ئەورووپا دەیەوێت پەیوەندیی لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا ببەستێت".
 
بەرپرسەکە گوتی: "ئەوەی ئێستا ئێمە بیری لێدەکەینەوە، دروستکردنی پەیوەندییە بۆ ئەوەی پەیام و پێشبینییەکانی خۆمان بنێرین. ئەوەی دەتوانم بڵێم ئەوەیە، پەیوەندییەکان خەریکە بەگەڕ دەخرێن، هیوادارین زوو پەیوەندییەکان دروستبن".
 
بەگوتەی بەرپرسەکە، یەکێک لە داواکارییەکانی ئەورووپا ئەوەیە، کەمینەکانی سووریا بپارێزرێن و مافی بەشداریکردنیان لە حکومەتی راگوزەردا هەبێت.
 
یەکێتیی ئەورووپا هەروەها، "بە دەسەڵاتی نوێی سووریا دەڵێت، ئەگەر رووسییەکان لەنێو سووریا بمێننەوە، ئەمە دەبێتە زیانێکی گەورە بۆ سەروەری و سەربەخۆیی وڵاتەکە. ئەورووپا زۆر دڵخۆش دەبێت، ئەگەر حکومەتی نوێی سووریا رووسیا دەربکات، بەڵام ئەوان خاوەن بڕیاری خۆیانن."
 
بڕیارە رۆژی دووشەممە 16-12-2024، کۆبوونەوەیەکی گشتیی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێوەبچێت و سەرنجەکە لەسەر، "مامەڵەی ئەورووپا لەگەڵ سووریا" دەبێت.
 
یەکێتیی ئەورووپا رۆژی هەینی هەروەها رایگەیاند، (ئۆپەراسیۆنی پردی ئاسمانی) بۆ سووریا دەستپێدەکەن، کە بریتییە لە ناردنی 50 تۆن کەلوپەلی تەندرووستی لە رێگەی تورکیاوە. 
 
ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، حکومەتی نوێی سووریا "ئاماژەی ئەرێنی"ـی ناردووە و داوای لە ئاژانسەکە کردووە لە سووریا بمێننەوە.
 
هەر رۆژی هەینی، سەرکردەی وڵاتانی گرووپی حەوت (G7) بە ئۆنلاین کۆبوونەوە، هیوایان خواست "گواستنەوەیەکی رێکخراو و ئاشتییانەی دەسەڵات لە سووریا رووبدات، کە پرۆسەیەکی سیاسیی گشتگیر لەخۆ بگرێت".

فرمێسکی شادی
 
دوێنێ هەینی، ئەحمەد شەرع (ئەبو محەممەد جۆلانی) سەرۆکی هەتەشە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و داوای لە سووریاییەکان کرد، "بڕۆن ئاهەنگی سەرکەوتن بگێڕن و تەقە مەکەن".
 
ئاهەنگ تاوەکو شەو بەردەوام بوو، گۆڕەپانی ئومەوی پڕ لە خەڵک و ئۆتۆمبێل بوو. سووریاییەکان ئاڵای نوێی شۆڕشیان هەڵکردبوو و یاری ئاگرینیش دەتەقێنران. جگە لە دیمەشق؛ ئاهەنگ لە شارەکانی حمس، حەما و ئیدلیبیش بەڕێوەچوو.
 
ئەحمەد ئەبو مەجد، ئەندازیارێکی تەمەن 39 ساڵە کە تازە لە تورکیاوە گەڕاوەتەوە حەلەب، گوتی: "چەندین کەس فرمێسکی خۆشی و شادی دەڕێژن. سووریاییەکان مافی ئەوەیان هەیە دڵخۆشبن".
 
لە پارێزگەی سوەیدای باشووری سووریا، زۆرینە لە نەتەوەی درووزن. بەیان حینناوی گوتی، هەرگیز بڕوای نەدەکرد رۆژێکی ئاوا بە چاوەکانی خۆی ببینێت.
 
حینناوی کە 17 ساڵ لە زیندانەکانی ئەسەد بوو، گوتی: "دیمەنێکی دڵڕفێنە. هیچ کەسێک پێشبینی نەدەکرد ئەوە رووبدات".