13 وڵاتی ئەورووپایی داواکاریی سووریاییەکان بۆ پێدانی مافی پەنابەری رادەگرن

رووداو دیجیتاڵ 

خێزانێکی دانیشتووی نەمسا، بەردەوام لە مۆبایل چاودێریی وڵاتەکەیان دەکەن، بە رووخانی ئەسەد دڵخۆشن و لە هەمان کاتدا هەواڵی ناردنەوەیان بۆ وڵاتەکەیان دڵتەنگی کردوون.
 
لەدوای رووخانی ئەسەد، نەمسا پێدانی مافی پەنابەرێتیی بە سووریاییەکان راگرت و بڕیاریدا؛ هەر هاووڵاتییەکی سووریایی بگەڕێتەوە، هەزار یۆرۆی پێبدات. 
 
عەبدولحەکیم شەتار، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی سووریاییەکانی نەمسا لەوبارەیەوە دەڵێت، "من، ئەو بڕیارەی حکومەتی نەمسا بە نامرۆیی دەزانم و ئەو سووریاییانەشی کە لێرە دەژین، هەست بە خەمباری دەکەن و ترسیان لێ نیشتووە و نازانن چی بکەن. سووریا هێشتا وڵاتێکی ئارام نییە و دۆخی ئەوێ مەترسیدارە. نازانین چی روودەدات، دەکرێت وەکو لیبیا و عێراقی لێبێت".
 
لە پێنج ساڵی رابردوودا، 40 هەزار سووریایی لە نەمسا مافی پەنابەریێتیان وەرگرتووە. حکومەتی وڵاتەکەش دەڵێت، پێداچوونەوە بە کەیسەکانیان دەکات. 
 
بابەتی پەناخوازانی سووریا لە ئەڵمانیای دراوسێی نەمساش بووەتە رۆژەڤ.
 
نانسی فێیزەر، وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا لەبارەی بریاردان لەسەر دۆخی پەنابەران دەڵێت، "ئێمە ئێستا رێکارەکانی مافی پەنابەڕیێتی وەلا دەنێین، بەمانایەکی دیکە، ئێستا ئێمە بڕیار لەسەر پەنابەرێتی نادەین، لەبەر ئەوەی دەمانەوێت بزانین دۆخی سووریا چی لێدێت".
 
ئەڵمانیا زۆرترین پەنابەری سووریایی لەخۆگرتووە، بەڵام دوو رۆژ دوای کەوتنی ئەسەد داوای سووریاییەکانی بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەریێتیی راگرت. 
 
لە وڵاتەکە 900 هەزار پەنابەری سووریایی هەن، لەو ژمارەیەدا 334 هەزاریان مافی پەنابەریێتییان پێدراوە.  
 
لەدوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، 13 وڵاتی ئەورووپایی بڕیاریان دا تاوەکو یەکلابوونەوەی دۆخی سووریا، پێدانی مافی پەنابەریێتیی بە سووریاییەکان رابگرن.