لەڕێگەی چاندنی چیپێک لەژێر چەناگە، کێشەی تووندبوونی هەناسە چارەسەر دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ملیۆنان کەس لە جیهان، بەهۆی تووندبوونی هەناسە کە بە (ئاپنیا) ناسراوە، شەوان خەوێکی باشیان نییە، بۆیە لە نەخۆشخانەی تایبەتی زانکۆی لەندەن، لە رێگەی دانانی چیپێکەوە لەژێر پێستی چەناگە، ئەم کێشەیە چارەسەر دەکرێت.
ناتالی بۆلەر، نەخۆشیی ئاپنیای هەیە و لەبارەی دۆخی تەندروستییەوە دەڵێ "پزیشکەکە دەڵێت وەک ئەوە وایە هەناسەت بەتەواوەتی بگیرێت و بەئەستەم دەتوانی هەناسە بدەی. لەبەرئەوەش هەر کە هەواڵی ئەم تەکنۆلۆژیا نوێیەم بیست، کە چیپێک دادەنێن و دەبێتە هۆی ئەوەی زمانت جووڵە بکات و رێگەی هەناسەت دەکاتەوە. بە خۆمم گوت یەکسەر دایدەنێم، چونکە پێشتر هەموو رێگەیەکم تاقیکردبووەوە و هیچیان کێشەکەمیان چارەسەر نەدەکرد."
ئاپنیا، تەنیا هەناسەی نەخۆش تەنگ ناکات، بەڵکو بەهۆی ئەوەی وادەکات شەوان نەخۆش نەتوانێت باش بخەوێت، بە رۆژ گوشاری خوێنی بەرزدەبێتەوە و ئەگەر هەیە تووشی شەکرە و نەخۆشیی دیکەش بێت.
نەشتەرگەریی دانانی چیپەکە لە ژێر پێست و لە ژێر چەناگەی نەخۆش، دوو کاژێری پێویستە.
ریان چی تاو چیونگ، پزیشکی نەشتەرگەر سەبارەت بە کاریگەریی چیپەکە باسی ئەوە دەکات بەهۆیەوە نەخۆشەکان "دەتوانن شەوان خەوییان لێبکەوێت. بەدرێژایی شەو باشتر هەناسەدەدەن. ئامانجەکە ئەوەیە؛ مەترسیی وەستانی هەناسە نەمێنێت و باشتر بن."
تاوەکو پێش داهێنانی ئەم تەکنۆلۆژیایە لە رێگەی ماسکی هەناسەهەڵمژینەوە، نەخۆشەکان خەویان لێدەکەوت.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە 20 ساڵی خایاندووە، 65٪ـی نەخۆشەکان لەبەر بێ تاقەتی، دەستبەرداری بەکارهێنانی ماسکی هەڵمژینی هەناسە دەبن، ئەوەش ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە.
داهێنانی چیپەکە هیوای خستووەتە نێو دڵی هەزاران نەخۆش لە جیهاندا.
ئۆلیڤیا رۆشتن، نەخۆشێکی دیکەیە کە چیپەکەی بۆ دانراوە، دەڵێ "ئێستا بەنیازم بچمە جێگە و بخەوم. پێشتر نەمدەوێرا بخەوم. بە دوگمەیەک ئامێرەکە هەڵدەکەم و خەوێکی باشترم دەبێت."
بەپێی ناوەندە تەندروستییەکانی جیهان، نزیکەی 1 ملیار کەس لە جیهاندا شەوانە کێشەی هەناسەدانیان هەیە و لە هەر 4 پیاوی بەساڵاچوو، یەکێکیان بە دەستی ئەو نەخۆشییەوە دەناڵێنێت.