وەزیری دەرەوەی تورکیا: تەنیا ئەمریکا لەنێوان ئاگربەست و کۆمەڵکوژیی غەززەدا وەستاوە

14-12-2023
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، چاوەڕوانن ئەمریکا رێگریی زیاتر دروستنەکات لە بەردەم کاری وڵاتان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی کەرتی غەززە و ئاماژە بەوەش دەکات، "ئێستا تەنیا ئەمریکا لە نێوان ئاگربەست و کۆمەڵکوژیی غەززەدا وەستاوە".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـی کانوونی یەکەمی 2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە باکوی پایتەختی ئازەربایجان و لەگەڵ جەیهون بایرامۆڤی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و دواتر کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان رێکخست.
 
هاکان فیدان گوتی، رۆژی 12ـی مانگ لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگدرا لەسەر دەستبەجێ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە و 153 وڵات بە بەڵێ دەنگیان دا؛ باسی لەوەشکرد پێشتر پڕۆژەیەکی هاوشێوە دەنگی 121 وڵاتی بەدەستهێنابوو و گوتی، "بینیمان زۆر وڵات سەرەتا بێلایەن بوون یان دژی ئەو هەنگاوە بوون، بەڵام دواتر بڕیاریاندا بچنە پاڵ فەلەستین، ئەمەش ویستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ کۆتاییهێنان بەو ستەمکارییە نیشان دەدات کە روودەدات". 
 
هاکان فیدان گوتی، ئەوانەی پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەن پێویستە باش لەو گۆڕانکارییە لە هەڵوێستی وڵاتان تێبگەن و رایگەیاند، "چاوەڕوانین ئەمریکا نەبێتە رێگری زیاتری ئەو بڕیارانەی دەدرێن. ئێستا تەنیا ئەمریکا لە نێوان ئاگربەست و کۆمەڵکوژیی غەززەدا وەستاوە".
 
ئەم گوتەیەی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کاتێکدایە، لە رۆژی 7-10-2023ەوە جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی کەرتی غەززە بەردەوامە و ئەوەش بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان هەزار کەس.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ی کانوونی یەکەمی 2023، ئەشرەف قودرە، گوتەبیژی تەندروستی کەرتی غەززە رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا 179 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و 303 کەسی دیکەش بریندار بوون؛ گوتیشی، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە لە 7ی تشرینی یەکەمەوە گەیشتووەتە 18 هەزار و 787 کەس و 50 هەزار و 897 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشەکەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەم بۆسەر باشووری ئەو وڵاتە و هێرشە مووشەکییەکانی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە، هەزار و 200 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و هەشت هەزار و 730 کەسی دیکەش بریندار بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کۆچبەر لە تەرابلوس. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە

لیبیا رێگەیەکی نوێی کۆچبەری بۆ گەیشتن بە ئەورووپا؛ "مەترسیدارترین رێگەیە"

ماوەیەکە گەنجانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی باندە قاچاخچییەکانەوە دەچنە لیبیا، بۆئەوەی لەوێوە خۆیان بگەیێننە ئەورووپا. بەرپرسی رێکخراوێکی کۆچبەران دەڵێت، ئەم ساڵ زیاتر لە 300 هاونیشتمانی لەو وڵاتەوە چوونەتە ئەورووپا. ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراقیش مەترسییەکانی رێگەکە دەخاتەڕوو