چینییەکان لە رێگەی ژیری دەستکردەوە قسە لەگەڵ مردووەکانیان دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

لە گۆڕستانێکی رۆژهەڵاتی چین، سیکو و هاوژینی هاتوون لەسەر گۆڕی کوڕە مردووەکەیان، قسەی لەگەڵدا بکەن کە ساڵێک لەمەوبەر لە تەمەنی 22 ساڵیدا مردووە.
 
سیکو، چەند هەزار دۆلارێکی داوەتە کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆژیا تاوەکو دەنگ و رەنگی خوانمۆی کوڕی لە گرتەکاندا کۆبکەنەوە و گەنجێکی دیجیتاڵیان هێناوەتەوە نێو ژیانی دایک و باوکەکە.
 
هەرچەندە جێگەی کوڕە راستەقینەکەیان بۆ ناگرێتەوە، بەڵام دایک و باوکەکە ناوە ناوە دێنە سەر گۆڕی کوڕەکەیان و گفتوگۆیێکی خێزانی لەگەڵ یەکتردا دەکەن، بەمجۆرە دڵی یەکدی دەدەنەوە.
 
کوڕەکە بە دایک و باوکی دەڵێت، "بەهێز و سوپاسگوزار و ئەرێنی بن."
 
سیکو ئوو، باوکی مردووەکە دەڵێ "ئایا چارەسەر هەیە کە ئازیزێکت لەدەستدا؟ پێش هەموو شتێک دەبێت تێگەیشتنت بگۆڕی. بەر لە هەموو شتێک دەکرێت، دەبێت ئەوە لە مێشكی خۆتدا دەربکەی، کە گوایە ناتوانی پەیوەندی بە ئەوانەوە بکەی کە لەدەستتداون. بێگومان ئەو پەیوەندییە هەیە. ئەگەر باوەڕت بەو تێگەیشتنە هەبێت، ئازارەکەت کەمدەبێتەوە."
 
سیکو ئامادەیە پارەی زیاتریش خەرجبکات بۆ ئەوەی لەسەر شێوەی مرۆڤێکی جوڵاو، کوڕەکەی دروستبکاتەوە، قسە بکات و لە هەستی تێبگات.
 
تاوەکو ئێستا ئەمە گەورەترین نزیکبوونەوەی زیندوو و مردووەکانە.
 
کۆمپانیای سوپەر برەینی چینی، لە سەردەمی بەرەوپێشچوونی خێرای تەکنەلۆژیادا هەر زوو دەستی خۆی وەشاند و لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە، خەڵکی بە ئازیزانیان شادکردەوە.
 
خاوەن کۆمپانیاکە دەڵێت، ئەمە زۆر لە مەینەتی ئەوانە کەمدەکاتەوە، کە ئازیزانیان لەدەستداون.
 
ژانگ زیوی، دامەزرێنەری کۆمپانیای سوپەر برەین بۆ ژیری دەستکرد دەڵێ "سەبارەت بە قسەکردنی دیجیتاڵی لەگەڵ مردوو، ئێمە کار لەسەر دروستکردنی کەسانی دەوروبەری خۆمان دەکەین. هۆکاری وێنەگرتنیش، دابینکردنی هەستی هاوەڵایەتیی دیجیتاڵییە وەک ئەوەی ئازیزانیان لای خۆیان بن یاخود ئەو کەسە لایان بێت، کە پێویستیان پێیەتی. لەڕووی تیۆرییەوە دەکرێت وەکو ژیانی دیجیتاڵی دوای مردن سەیری بکەین."
 
کۆمپانیاکە دەڵێت بۆ دروستکردنەوەی رووخساری هەر کەسێک، 1400 بۆ 2800 دۆلار لە خەڵک وەردەگرن.
 
ئەم ژیری دەستکردە بۆ ئەوانەش باشە، کە خۆشەویستەکانیان لێیان جیابوونەتەوە.