بایدن لەگەڵ خێزانی بارمتە ئەمریکییەکان کۆبووەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی کۆشکی سپیی ئەمریکا رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لەگەڵ خێزانی بارمتەکانی نێو غەززە کۆبووەتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە (13-12-2023) بەرپرسێکی کۆشکی سپی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ خێزانی بارمتەکانی غەززە لە کۆشکی سپی لە واشنتن کۆبووەوە. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بووە.
 
رۆژی 13-10-2023 جۆ بایدن بە رێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆیی لەگەڵ خێزانی بارمتەکان کۆبووەوە و ئەمە یەکەمجارە رووبەڕوو بیانبینێت.
کۆشكی سپی رایگەیاندووە رۆژی پێنجشەممە (ئەمڕۆ) 14-12-2023، جەیک سەڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، سەردانی ئیسرائیل دەکات و چاوی بە بنیامین نەتەنیاهوو دەکەوێت.
 
حکومەتی ئیسرائیل پشتڕاستیکردووەتەوە، هێشتا 135 بارمتە لەلایەن چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس ماون.
 
لە 20-10-2023 چەکدارانی حەماس دوو بارمتەی ئەمریکییان بە ناوەکانی نەتالی رانان و جودیس رانان "بە هۆکاری مرۆیی" ئازادکرد.دواتر لە ئاگربەستی حەوت رۆژەی نێوان حەماس و ئیسرائیل کە 24-11-2023 دەستیپێکرد، ئابیگەیل ئیدن کە کچێکی تەمەن چوار ساڵەی ئەمریکی بوو لەگەڵ 16 بارمتەی دیکە ئازادکرا. لە 29-11-2023 چوارەم بارمتەی ئەمریکی بەناوی لیات بێینین لە دوایین رۆژی ئاگربەستەکە ئازادکرا. بەگوێرەی ئیدارەی بایدن، تائێستا هەشت بارمتەی دیکەی ئەمریکی لە غەززە ماون.
 
هەرچەندە سەرەتا ئەمریکا پاڵپشتیی تەواوەتیی خۆی بۆ ئیسرائیل دەربڕی و رایگەیاند، ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگریی لەخۆی بکات، بەڵام رۆژی سێشەممە، 12ـی کانوونی یەکەمی 2023 سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکیدا لە واشنتن ئاماژەی بەوە کرد، "ئەوان [ئیسرائیل] خەریکە پشتیوانی نێودەوڵەتی لەدەستدەدەن." 
 
بایدن گوتی "بنیامین نەتەنیاهوو، (سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل) دەبێت حکومەتە تووندئاژۆکەی بگۆڕێت، دەبێت حکومەتەکەی بەهێزتر بکات و گۆڕانکاریی تێدا بکات بۆ ئەوەی بتوانێت چارەسەرێکی درێژخایەن بۆ کێشەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل بدۆزێتەوە." 
 
ئەو گوتانەی بایدن دوای ئەوە هاتن کە رۆژی سێشەممە نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوە کردبوو کە لەگەڵ بایدن ناکۆکییان هەیە لەسەر "قۆناخی دوای غەززە." 
 
رۆژی چوارشەممە، 13ـی کانوونی یەکەمی 2023، ئیلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتی "بەبێ پاڵپشتیی نێودەوڵەتیش ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە شەڕکردن دژی حەماس." هەروەها رایگەیاند "ئاگربەست لەم قۆناخەدا دیارییەکە بۆ رێکخراوی تیرۆریستی حەماس و هاوکار دەبێت لە گەڕانەوەی حەماس و دروستبوونی مەترسی لەسەر دانیشتووانی ئیسرائیل."
 
شەڕی غەززە رۆژی 7-10-2023 دەستیپێکرد دوای ئەوەی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و بە پێی حکومەتی ئیسرائیل، هەزار و 200 کەسیان کوشت و 240 کەسیشیان بە بارمتە گرت کە هاووڵاتییانی ئیسرائیلی و بیانی بوون.
 
ئیسرائیل بەڵێنی لەنێوبردنی حەماسی دا و دەستی بە هێرش و بۆردوومانەکان کرد. هەروەک تەندروستیی کەرتی غەززە دەڵێت تائێستا 18 هەزار و 600 کەس کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن. بۆردوومانەکانیش بوونەتە هۆی خاپوورکردنی چەندین ماڵ، باڵاخانە، رێگەوبان، نەخۆشخانە و قوتابخانە.
 
بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی ئەو شەڕەی زیاتر لە دوو مانگە بەردەوامە، لانیکەم 305 هەزار خانوو و باڵەخانە وێران بوون یان زیانیان پێگەیشتووە، کە لەنێویاندا 339 ناوەندی خوێندن و 167 مزگەوتی تێدایە.