دوای قسەکانی پزیشکیان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی، ئەمریکا داوا دەکات ئێران "رەفتارەکانی بگۆڕێت"
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی سەرۆککۆماری ئێران بەڵێنیدا پێش دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی، گومانەکان لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بڕەوێنێتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن قسەی ناوێت، بەڵکو کرداری دەوێت.
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە گوتی: "ئەوەی ئێمە لە ئێرانمان دەوێت، گۆڕینی رەفتار و کردارە، نەوەک تەنیا ئاماژە و هێما. ئێمە دەمانەوێت دڵنیابینەوە لەوەی ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی دەستناکەوێت. ئێمە هەموو ئامرازێک بۆ ئەو ئامانجەمان بەکاردێنین. هێشتا هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن".
ئەمڕۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە تاران پێشوازیی لە رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کرد.
پزیشکیان کە بە میانڕۆ دادەنرێت، گوتی ئێران ئامادەیە "ناڕوونی و گومانەکان لە بارەی چالاکیی ئەتۆمیی ئاشتییانەی وڵاتەکەمان چارەسەربکات".
ترەمپ لە خوولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ی لە بەرامبەر ئێران بەکارهێنا، دوای ئەوەی کە واشنتنی لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشاندەوە.
ترەمپ بەم دواییانە رایگەیاندووە، ئامادەیە لەگەڵ تاران گفتگۆ بکات.
ئیسرائیل گوشاری لەسەر ئێران زیادکردووە، لەوانەش لە رێگەی هێرشی سەربازیی راستەوخۆ.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاندووە، "زیاتر لە هەر کاتێک، بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لەبەردەم ئەگەری هێرشدان".