گۆڕانکاریی نێو حکومەتی بەریتانیا کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

سوێلا براڤەرمان، چی دیکە وەزیری ناوخۆی بەریتانیا نییە؛ ئەو لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەوە لادرا و جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری پێشووی دەرەوە لە شوێنەکەی دانرا. ئەوەش کاردانەوەی لەسەر ئاستی نێوخۆی بەریتانیا بەدوای خۆیدا هێنا. 
 
کە پۆستی وەزیری دەرەوە بەتاڵ بوو، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، دەیڤد کامیرۆن، سەرۆکوەزیرانی پێشوو لەو شوێنە دانا، ئەمەش شۆکی لە میدیا و شەقامی بەریتانی دروستکرد.
 
جێڵ لۆلیس، شرۆڤەکاری سیاسییە و لەو بارەیەوە دەڵێت، "سەرۆکوەزیران سووناک بە گۆڕینی بەشێك لە حکومەتەکەی شۆکێکی دروستکرد. ئەوەی کە زۆر جێگەی سەرسوڕمانە گەڕانەوەی کامیرۆنە؛ پێشتر یەک جار روویداوە سەرۆکوەزیرانێکی پێشوو ببێتە وەزیری دەرەوە؛ جگە لەوە بەشێك لە ئەندامانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا دژی کامیرۆنن کە بە هۆکاری برێگزێت، جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپای دادەنێن، ئەوان پێیانوایە جیابوونەوە لە یەکێتیی ئەوروپا زیانی ئابووری و سیاسی بە بەریتانیا گەیاندووە".
 
کامیرۆن 11 ساڵ سەرۆکی پارتی پارێزگاران و 6 ساڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بووە. 
 
ئەو لایەنگری مانەوەی وڵاتەکەی بوو لە یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام بە سەرکەوتنی بەرەی "بەڵێ" بۆ جیابوونەوە لەو گشتپرسییەی، کە خودی کامیرۆن رێکی خستبوو لە ساڵی 2016، ئەویش وەک بەڵێنی دابوو دەستی لە کارکشایەوە.
 
دەیڤد کامیرۆن، وەزیری نوێی دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت، "دەزانم شتێكی ئاسایی نییە سەرۆکوەزیرانێکی پێشوو وەک وەزیری دەرەوە بگەڕێتەوە، بەڵام کە تەماشای ئەو هەموو ئاڵنگارییانەی ئەمڕۆی جیهان دەکەین وەک  قەیرانی ئەمڕۆی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شەڕی ئۆکراینا، دەزانین کە پێویستمان بە خەڵکی خاوەن ئەزموونە و منیش هیوادارم ئەزموونی ساڵانی رابردووم هاوکارم بن لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی سەر شانم".
 
گۆڕانکارییەکە سەردێڕی هەواڵەکان بوو؛ لەسەر پەڕەی رۆژنامەیەک نووسراوە "وەزیری ناوخۆ لە کارلادرا، بەڵام تەماشا بکەن کێ گەڕاوەتەوە" وێنەیەکی کامیرۆن و براڤەرمانیان لەسەری داناوە. 
 
ئامیاد حوسێن، دانیشتووی لەندەنە و دەڵێت، "من بە تەواوەتی پشتگیری لەم روانگەیەی ئێستای حکومەت دەکەم، بە تایبەتی دەرکردنی وەزیری ناوخۆ، کە هەڵەی زۆری هەبوو".
 
سوێلا لەسەر ئەوە دەرکرابوو کە پۆلیسی لەندەن بە نەرموونیانی تۆمەتباری کردبوو لە بەرامبەر خۆپیشاندانی پشتگیریکردن لە فەلەستین.
 
چارج جێندڵ، دانیشتووی لەندەن دەڵێت، "پێموانییە شتێکی باش بێت کە کامیرۆن بە وەزیری دەرەوە دەستنیشانکراوە. رەخنەی زۆر لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەو دەگیرێت".
 
جگە لە بڕێگزیت؛ لە سەردەمی کامیرۆندا، بەریتانیا پشتگیری لە روخاندنی دەسەڵاتی قەزافی کرد، کە دواتر بۆ پشێوی لە لیبیا سەریکێشا. لەگەڵ چین نزیک بووە لە کاتێكدا رۆژئاوا لێی دوور دەکەوتەوە. سەبارەت بە سووریاش، نەیتوانی کۆدەنگییەک لە پەرلەمان بۆ دژایەتیکردنی ئەسەد بە دەستبهێنێت. 
 
لە نوێترین راپرسیدا، پارتی پارێزگارانی فەرمانڕەوا 10 خاڵ لە دوای پارتی کرێکارانی ئۆپۆزیسیۆنەوەیە، بەڵام لەگەڵ هەموو رەخنەکان هێشتا بەشێك لە پارتی پارێزگاران پێیانوایە سەرۆکوەزیران بەو هەنگاوەی تۆپەکەی رێک خستە ئامانجەکەوە.