ڤیدیۆ؛ لە شەڕی مافیاکانی زیندانەکانی ئیکوادۆر 68 زیندانی دیکە کوژران

14-11-2021
بڕوا کیانی @brwakyani
هێزە ئەمنییەکان دوای کۆنترۆڵکردنی زیندانەکە
هێزە ئەمنییەکان دوای کۆنترۆڵکردنی زیندانەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە یەکێک لە بەندیخانەکانی ئیکوادۆر شەڕی بە کۆمەڵی زیندانییەکان روویداوە و بەهۆیەوە 68 زیندانی کوژراون. هاوکات لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵیش هەر لە هەمان بەندیخانە بەهۆی شەڕەوە زیاتر لە 100 زیندانی کوژران.
 
شەڕ و ئاژاوەکە لە ئێوارەی رۆژی هەینی 12-11-2021 لە گرتووخانەی چاکسازیی لیتۆراڵ لە شاری گویاکویل روویداوە. تیمەکانی پۆلیس کاتێک چوونەتە نێو باڵەخانەی بەندیخانەکە، چەک، ماددەی تەقەمەنی، چەقۆ و ئامێری دیکەی شەڕکردنیان دۆزیوەتەوە. 
 
لەدوای گیانلەدەستدانی ئەو ژمارە زیندانییە؛ ژمارەی ئەوانەی ئەمساڵ لە زیندانەکانی ئیکوادۆردا گیانیان لەدەستداوە بۆ 300 زیندانی بەرزبووەوە. 
 
جگە لە کوژرانی 68 کەس، لەو شەڕەدا کە لەلایەن گرووپە دژبەرەکانی نێو زیندانەکەدا روویداوە، 25 کەسیش برینداربوون.
 
بەشێک لە کەسوکاری زیندانییەکان لە دەرەوەی دیوارەکانی بەندیخانەکە ناڕەزایەتیی ئەوە دەردەبڕن زانیارییان پێنادەن لەبارەی چارەنووسی کەسوکاریان. دەشڵێن، پۆلیس درەنگ چووە بەدەم شەڕەکەوە. 

 

 
بەشێک لە بەرپرسانی ئیکوادۆر ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو گرووپانە پەیوەندییان لەگەڵ تۆڕە نێودەوڵەتییەکانی ماددەی هۆشبەر هەیە. 
 
کارلۆس جیۆن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ئیکوادۆر دوای چەندین کاژێر لە شەڕەکە ئاماژەی بەوە کرد کە "دۆخەکە لە گرتووخانەکە" کۆنترۆڵکراوە. بە گوتەی کارلۆس، نزیکەی 900 پۆلیس بەشدارییان لە کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەدا کردووە. 
 
لەنێو ئەو گرتووخانەیەدا هەشت هەزار زیندانی هەن، بەڵام تەنیا لە دوومانگی رابردوودا نزیکەی 200 کەسیان لە شەڕی گرووپەکاندا کوژراون. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە