ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەی فارک و حکومەتی کۆلۆمبیا ئاشکرا دەبێت

رووداو- هەولێر

پاش رۆژێک لە رێککەوتنی نێوان هەردوو شاندی دانوستاندکاری حکومەتی کۆلۆمبیا و رێکخراوی فارک، سەرۆکی کۆلۆمبیا لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا ناوەڕۆکی ریککەوتنە نوێیەکەی لەگەڵ فارک و ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە رێککەوتنەکەی پێشوودا کراون بۆ خەڵک ئاشکرا کرد.


خوان مانوێل سانتۆس، سەرۆککۆماری کۆلۆمبیا گوتی: "لە ماوەی 48 کاژێر دانوستاندنی چڕوپڕ لەلایەن شاندی دانوستاندکاری حکومەت و شاندی فارک، گەیشتینە ریککەوتنێکی نوێ و توانیومانە 56 بۆ 57 خاڵ لە ریککەوتنەکەی پیشووتر دەستکاریبکەین، کە گرینگترینیان رادەستکردنی سەروەت و سامانی فارکە بۆ کەسوکاری قوربانیانی شەڕی پەنجا ساڵەی نێوان سوپا و چەکدارانی فارک"

یەکێک لەو خاڵانەی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن و بەرەی نەخێر بۆ رێککەوتن لەگەڵ فارک داوای دەکەن، رێگە نەدانە بە سەرکردەکانی فارک بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی لە داهاتوودا، بەڵام سەرۆکی کۆلۆمبیا ئەوە بە گونجاو نازانێت و دەڵێت فارک ئامانجی سیاسی هەیە و ناکرێت رێگری لە کاری سیاسیان بگیرێت.

خوان مانوێل سانتۆس سەرۆککۆماری کۆلۆمبیا گوتی: "لەگەڵ ئەوەی کە شاندی دانوستاندکاری حکومەت پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە نابێت سەرکردەکانی فارک لە داهاتوودا رێگەی چوونە نێو پرۆسەی سیاسی پێبدریت، بەڵام لەسەر ئەو خاڵە نەگەیشتینە رێککەوتن، چونکە بەڕاستی ناکرێت تۆ رێگری لە کاری سیاسی بزووتنەوەیەک بکەیت، چونکە ئەوان ئامانجی سیاسیان هەیە و دەبێت خەڵکی کۆلۆمبیاش ئەو مافەیان پێبدات"

باوکی سەربازیکی کۆلۆمبی کە لەلایەن فارکەوە رفێندراوە گوتی: "خەونی هەزاران کەس ئەمرۆ هاتەدی، بۆ کەسوکاری قوربانیان لە کۆلۆمبیا، ئەو ریککەوتنە گەورەترین دیارییە بۆ کەسوکاری قوربانیان، خەڵکی کۆلۆمبیا شایەنی ئەوەن لە ئاشتی و ئاسایشدا بژین".

سانتۆس لە بارەی رازیبوونی ئۆپۆزیسیۆن و بەرەی نەخێر لە رێککەوتنە نوێیەکەی حکومەت و فارک گوتی، داوای لە شاندی دانوستاندکار کردووە لە کوبا بگەڕێنەوە و ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە بۆ هەموولایەک ئاشکرا بکەن.

لەگەڵ ئەوەی کە لە سەرەتای مانگی رابردوو خەڵکی کۆلۆمبیا بە زۆرینەی دەنگ دژایەتی خۆیان بۆ رێککەوتنی نێوان حکومەت و گرووپی فارک نیشاندا، بەڵام حکومەتی ئەو وڵاتە سوورە لەسەر هەوڵەکانی بۆ گەیشتنە رێککەوتنێک لەگەڵ فارک کە لایەنە سیاسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لەو وڵاتەدا دژایەتی نەکەن و لە کۆنگرێسی ئەو وڵاتەش بیکات بە بڕیار.