ئەمریکا هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئیسرائیل زیاد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا پرسیار لە جۆ بایدن کرا کە هۆکار چی بوو بڕیاریدا سیستمی دژە مووشەکی تاد بداتە ئیسرائیل؟ بایدن لە وەڵامدا گوتی: "بۆ بەرگرییکردن لە ئیسرائیل".
ئەمریکا 100 سەربازیش دەنێرێتە ئیسرائیل بۆ ئەوەی یارمەتی سوپای ئەو وڵاتە بدات لە بەکارهێنانی سیستمەکە بە دروستی.
ئەو دۆخەی ناوچەکەی گرتووەتەوە وایکردووە، ئەمریکا هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئیسرائیل زیاد بکات.
لە دەستپێکی جەنگی غەززەوە ئەمریکا بایی 17 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار هاوکاری سەربازی ئیسرائیلی کردووە.
4 ملیار دۆلاری بۆ کارپێکردنی سیستەمەکانی قەڵخانی پۆڵایین و دارلاستیکی داود بووە.
کارین ژان پیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی رۆژی 09-10-2024 رایگەیاند: "پێم وایە ئەوەی لەم ئیدارەیەدا بینیوتانە پاڵپشتی بەردەوام بووە بۆ ئاسایشی ئیسرائیل.کاتێک ئێران هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، سەرۆک فەرمانی بە سوپا کرد پارێزگاری لە ئیسرائیل بکات. ئەو شانازی بەو پاڵپشتییەوە دەکات و بەردەوامیش دەبێت."
ئەمریکا 4 ملیار و 860 ملیۆن دۆلاریشی لە خەرجی هێرشکردنە سەر ئەو گرووپانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەوانەش حووسییەکان، خەرجکردووە کە لەم ساڵەی رابردوودا هێرشیان کردوەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.