رووداو دیجیتاڵ
لە نیویۆرکی ئەمریکا هەشتەمین فێستیڤاڵی فیلم و کولتووری کوردی بە سروودی 'ئەی رەقیب' دەستیپێکرد و هەشت رۆژ بەردەوام دەبێت.
لە فێستیڤاڵەکەدا، لەپاڵ پێشاندانی فیلمی درێژ، کورتەفیلم، بەڵگەفیلم، میوزیک و خواردنی کوردی پێشکێشی بەشداربووان دەکرێن.
34 فیلم کە بەشی زۆریان فیلمی دەرهێنەری کوردن، پێشاندەدرێن.
یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی رێکخستنی فێستیڤاڵەکە دەڵێت، زیاتر لە 300 فیلمیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدار بن.
شەنەر ئۆزمەن، رێکخەرێکی فێستیڤاڵەکەیە و دەڵێت: "ئەو فیلمانەی پێشکێشمان کران، سەروو 300 فیلم بوون. فیلمەکان لە پارچە جیاجیاکانی کوردستانەوە هاتوون. فیلمەکان جۆراوجۆر بوون. فیلمی ئەزموونی، بەڵگەفیلم، کورتەفیلم، فیلمی درێژ، ئەنیمەیشن و زۆری دیکە بوون. ئەوەی سەرنجی راکێشام، ئەوەبوو کە لە باشووری کوردستان فیلمی زۆر هاتبوون. لە رۆژهەڵاتیش بەهەمان شێوە. زۆر دڵخۆش بووم بەوەی ژمارەیەکی زۆری فیلمی ئەنیمەیشن هەن."
فێستیڤاڵەکە بە جۆش و خرۆشەوە بە پێشاندانی فیلم و بەڵگەفیلم بەڕێوەدەچێت. هاوکات، شایی و هەڵپەڕکێش دەکرێت.
حوسێن سمکۆ بەشداربووەکی فێستیڤاڵەکەیە و دەڵێت: "زۆر خۆشحاڵم کە ئێوەم بینییەوە. زۆر سوپاسی خەیاڵ و مایڵز و هەموو هاوڕێکان دەکەم بۆ هەشتەم ساڵ بەردەوامییان بەم فێستیڤاڵە داوە. ئەمە کارێکی زۆر باشە و پێویستمان بە کاری زیاتری لەم جۆرەیە. ئەمڕۆ سەمایەکی خۆش دەکەین و مۆسیقاژەنەکان خۆیان ئامادە دەکەن. ئیشەڵڵا هەموومان دەستی یەکدی دەگرین و هەڵپەڕکێی سێپێیی یانیش دووپێیی دەکەین."
ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵانی پێشتر، ژمارەی بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە زیاتر بوو؛ هەر کوردانی ئەمریکا نین کە لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن، ژمارەیەکی زۆری ئەمریکییەکانیش لەوێ ئامادەن.
لە رۆژی یەکەمی فێستیڤاڵەکەدا، زیاتر میوزیک و کولتووری کوردی پێشاندرا. هاوکات، بەڵگەفیلمی "رۆژەک"ـیش پێشاندرا. لەو بەڵگەفیلمەدا، دەرهێنەر دەچێتە رۆژئاوای کوردستان و لەوێ سەردانی گرتووخانەکان دەکات و چاوپێکەوتن لەگەڵ چەکدارانی داعش دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ