بەرپرسانی ئەورووپا لە بەردەم مایکی رووداو داوا دەکەن جیهان بەرامبەر شەڕی غەززە بێدەنگ نەبێت

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
بەشێک لە سەرکردەکانی ئەورووپا کە قسەیان بۆ رووداو کردووە.
بەشێک لە سەرکردەکانی ئەورووپا کە قسەیان بۆ رووداو کردووە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لەسەر پرسی گرژییەکانی ناوچەکە کۆبوونەوە. وەزیری دەرەوەی ئایرلاند رایگەیاند، ئیسرائیل نایەوێت جیهان ببینێت چی بەسەر لوبنان و غەززە دە‌هێنێت. وەزیرانی دیکەش پاڵپشتیی تەواویان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەربڕی، لە دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هێزە ئاشتیپارێزەکەی.
 
رۆژی دووشەممە 14-10-2024، مایکڵ مارتن، وەزیری دەرەوەی ئایرلاند گوتی، "هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر نەتەوە یەکگرتووەکان و دەرکردنیان لە باشووری لوبنان، بۆ ئەوەیە چاو و گوێی جیهان لەسەر باشووری لوبنان لابەرێت و حوکمڕانییەکی رەها بگرێتە دەست".
 
ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە لوکسەمبۆرگ، لەسەر پرسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جەنگی ئۆکراینا-رووسیا کۆبوونەوە.
 
زنار شینۆ، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو لەوێ ئامادەبوو. بە گشتی قسەی وەزیرانی دەرەوەی 27 وڵاتە ئەندامەکەی یەکێتیی ئەورووپا لەسەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، لوبنان و بە دیاریکراوی بۆ سەر هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو.
 
 
'دەنگ هەڵبڕن'
 
مارتن هەروەها باسی غەززەی کرد و گوتی، دیارە کە چی لە باکووری غەززە روودەدات، بەڵام جیهان هێشتا وێنە تەواوەکەی رووداوەکانی نێو غەززەی لە پێش چاو نییە.
 
وەزیری دەرەوەی ئایرلاند رەخنەی لە ئیسرائیل گرت و گوتی: "ئیسرائیل هەر پێشێلکاریی بەرامبەر نەتەوە یەکگرتووەکان و هێزی ئاشتیپارێزی ناکات؛ بەڵکو پێشێلکاریی لە دژی یاساکانی نێودەوڵەتی دەکات و پێویستە بکشێتەوە.
 
مارتن داوای لە هاوتا ئەورووپییەکانی کرد، "ئێستا دەنگ هەڵبڕن و لایەنگریی ئەو شتانە بکەن کە راست، گونجاو و مرۆیین".
 
هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە UNIFIL کە بە شێوەیەکی کاتی لە لوبنانن، بارەگای سەرەکییان لە ناوچەی ناقورەی باشووری لوبنانە. چەند رۆژێکە بارەگای سەرەکیی هێزەکە چەند جارێک کەوتووەتە بەر هێرشەکانی ئیسرائیل.
 
لانیکەم پێنج سەربازی هێزەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی تەقە و گوللـەتانکی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان بریندار بوون. لە لایەکی دیکە، یونیفیڵ بڵاویکردەوە کە ئیسرائیل "خۆویستانە و بە ئەنقەست" هێرشی کردووەتە سەریان. 
 
پێشتر سوپای ئیسرائیل داوای لە یونیفیڵ کردبوو، پێگەکانی چۆڵبکات و 5 کیلۆمەتر بکشێتەوە دواوە، بەڵام هێزەکە داواکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، شوێنەکەیان چۆڵ ناکەن.
 
ئەلیکساندەر شاڵنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا لە لێدوانێکی کە مایکی رووداویشی لەبەردەم بوو گوتی: "یونیفیڵ بۆ هیچ شوێنێک ناڕۆن".
 
ئەم قسەیەی شاڵنبێرگ دوای ئەوە هات، دوێنێ یەکشەممە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، "هێزەکانی یونیفیڵ لە ناوچە مەترسیدارەکان دووربخەوە، چونکە حیزبوڵڵا ئەوان وەکو قەڵخانی مرۆیی بەکاردەهێنێت".
 
لە لایەکی دیکە، دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کاردانەوەی خۆی لەبارەی رووداوەکانی ناوچەکە بەمشێوەیە دەربڕی، "ئاسایشی بەریتانیا و ئەورووپا شتێکە لێک جیا ناکرێنەوە. لەم کاتەی ئێستا، شەڕانگێزیی رووسیا بەرامبەر ئۆکراینا بێت یان تەنگژە گەورەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێت، زۆر گرنگە ئەورووپا و بەریتانیا بەیەکەوە بووەستن".
 
هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نزیکەی 10 هەزار سەرباز پێکدێن و سەربازانی 16 وڵاتی یەکێتیی ئەورووپاش بەشێکن لەو ژمارەیە.
 
دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە لە 07-10-2023، حیزبوڵڵای لوبنان بە شێوەیەکی سنووردار چووە نێو جەنگی دژی ئیسرائیل. هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا لە 23-09-2024 چڕبوونەوە و حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکەیان کوشت. هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان و بەیرووت، لەوکاتەوە بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 1300 کەس لە لوبنان.
 
'خەڵکی غەززە ماندوون'
 
جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا گوتی، کاری ئاشتیپارێزەکان "زۆر گرنگە، هێرشکردنە سەر هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە".
 
بۆرێڵ هەروەها داوای "ئاگربەستی دەستبەجێ لە تەواوی ناوچەکە" کرد و گوتیشی، "برسێتیی و قاتوقڕیی نێو غەززە وەکو چەکێک بەکاردەهێنرێت و خەڵکی غەززە پڕوکاون".
 
بۆرێڵ لە دەرەوەی هۆڵەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت، "لە سەرەتای جەنگی غەززەوە، ژمارەی ئەو بارهەڵگرە مرۆییانەی چوونەتە نێو کەرتەکە، کەمترینن. ئێستا، دیسان داوا لە 40 هەزار کەسی دیکە کراوە ماڵەکانیان چۆڵبکەن، باکوور بەرەو باشوور بەجێبهێڵن. ئەم خەڵکە ئیدی ماندوون، ناتوانن دیسان کۆچبکەن".
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا لە شاری دێر بەلەحی نێوەڕاستی کەرتی غەززە و لە ئەنجامدا لانیکەم 4 کەس کوژران و 70ی دیکەش برینداربوون. 
 
ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشی کردووەتە سەر چەکدارانی حەماس، گوایە لە نێو نەخۆشخانەکدا "ناوەندێکی فەرماندەیی" هەبووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی پێشان نەدا.
 
جەنگی غەززە زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە و لانیکەم 42 هەزار و 300 کەس کوژراون و "زۆربەشیان ژن و منداڵن".
 
جەنگی غەززە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی لانیکەم 90٪ـی دانیشتووانە 2.3 ملیۆنییەکەی ئەو کەرتە، بەشێکی زۆریان زیاتر لە دوو جار و سێ جار دەربەدەر بوون.
 
جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیان کردە سەر ئۆردووگە جوونشینەکانی ئیسرائیل و ئەو رۆژە لانیکەم 1200 کەس لە ئیسرائیل کوژران و 251 کەسیش بە بارمتە بران.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی هەڵدانی مووشەکەکە. وێنە: AFP

بۆ یەکەمجار سپەیس ئێکس بەگەڕخەری کەشتییەکی ئاسمانی بە سەرکەتوویی لەسەر سەکۆی خۆی نیشتاندەوە

دامەزرێنەری کۆمپانیای سپەیس ئێکس بڵاویکردەوە، بۆ یەکەمجار توانیان بەگەڕخەری کەشتییەکی ئاسمانی بە سەرکەوتوویی لەسەر سەکۆی خۆی بنیشێننەوە. ئەمە یارمەتیدەرێکی باشی کۆمپانیاکە دەبێت بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی بەگەڕخەرەکانی.