بەشێک لە وڵاتان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەخە دەکەن

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
هیوا جەمال
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەگەرچی ئێستا نزیکەی 5.17 ملیار بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە جیهاندا هەن، بەڵام وا دەردەکەوێت تۆڕە نێودەوڵەتییەکان لەژێر هەڕەشەی دروستکردنی ئاستەنگ بن بۆیان.
 
داخستن و قەدەخەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەندێک شوێن پەیوەندیی بە ململانێی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە هەیە، بەتایبەت لەنێوان زلهێزەکان.
 
دوای دەستگیرکردنی خاوەنی تێلیگرام لە پاریس لە ئابی ئەم ساڵدا؛ ئیلۆن مەسک، خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نیگەرانیی خۆی دەربڕی و نووسی، "ئەگەر بگەینە ساڵی 2030، رەنگە بەهۆی لایککردنی وێنەیەکی گاڵتەجاڕییەوە لەسێدارە بدرێیت."
 
جیهان ئێستا لەنێو جەنگی ئەلیکترۆنیدایە. ئەو کەسانەی شارەزای ئەو جەنگەن و ئاگایان لە سیگناڵەکانە، دەزانن ئەوەی ئێستا لە ئاسمان هەیە هەرگیز پێشتر نەبووە.
 
جەنگی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئێستا بەشێکە لە جەنگی گەورەی ئەلیکترۆنی. هەندێک لە وڵاتان بە ئاشکرا جەنگەکەیان دەستپێکردووە، ئەویش بە لەنێوبردنی سەربازەکانی جەنگەکە (تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان).
 
هەندێک لە وڵاتان بەردەوامن لە قەدەخەکردنی تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوەی ئەوان ناویان ناوە "پێگە رۆژئاواییەکان". ئێران، چین، کۆریای باکوور و بیلاڕووسیا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو فەیسبووک، ئێکس، وەتسئەپ و ئینستاگرامیان داخستووە.
 
ئەو وڵاتانە لە بەرامبەردا ئەپ و تۆڕی کۆمەڵایەتیی نێوخۆییان دروستکردووە، ئەوەش لەپێناوی چاودێری و رێکخستنی تۆڕەکان.
 
پاساوی ئەو وڵاتانە بۆ داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەلاڕێدابردنی کۆمەڵگە و کاریگەریی سیاسی و پشێوییە لە وڵاتەکاندا.
 
جەنگی رووسیا و ئۆکراینا و دەستپێکردنی گوشار لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
 
کاتێك جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی 2022 سەریهەڵدا، حکومەتی رووسیا هەندێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی قەدەخەکرد. بەشێک لە کۆمپانیا بیانییەکانیش لەو وڵاتە کشانەوە.
 
رووسیا باج و سزای زیاتری خستە سەر هەندێ کۆمپانیا، لەوانە کۆمپانیای مێتا و کۆمپانیا سناپ و داوای دەکرد کە نابێت زانیاریی خەڵکی وڵاتەکەی بچێتەدەر. ئەو پێشهاتانە وایانکرد، حکومەتی ئەو وڵاتە تۆڕی کۆمەڵایەتیی رووسی دابمەزرێنێت.
 
لە هەمان کاتدا حکومەتی هیندستان لە چەند ساڵی رابردوودا کۆمەڵێک پێگەی قەدەخەکردووە. هیندستان لە حوزەیرانی 2020 تیکتۆک و 58 تۆڕی دیکەی چینی قەدەخە کرد.
 
بەهۆی مەترسی ئەمنی لە پێکدادانەکانی سنووری چین لە هیمالایا، هیندستان لیستێکی نوێی تۆڕە قەدەخەکراوەکانی بڵاوکردەوە؛ هەروەها فەیسبووک و تویتەر و ئینستاگرامی خستە ژێر چاودێری.
 
هاوکات حکومەتی بەنگلادیش ئەم هاوینە تۆڕەکانی ئینستاگرام، فەیسبووک، وەتسئەپ، ئێکس، یوتیووب، تیکتۆک و سناپچاتی قەدەخەکرد و رایگەیاند، ئەو کارەی لە چوارچێوەی پارێزگاری لە سیستمی بەڕێوەبردن و ئاکاری گشتییە، ئەوەش لە کاتی نارەزاییە سیاسییەکانی وڵاتەکە بوو.
 
تورکیا گوشاری خستووەتە سەر هەندێ تۆڕی کۆمەڵایەتی و ناوبەناو هەندێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەخە دەکات. بۆنموونە، لە ساڵ 2014دا تویتەری بۆ دوو هەفتە قەدەخەکرد، چونکە هەندێ لە بڵاوکراوەکان حکومەتیان بە گەندەڵی تۆمەتبار دەکرد. لە 2020 قەدەخەی خستەوە سەر و فەیسبووک و ئینستاگرامیشی چوونەسەر.
 
تورکیا بانگەشەی ئەوەی دەکرد تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیهانییەکان زانیارییەکان دەدزن.
 
لە ساڵی 2024 یش تورکیا ئینستاگرامی بۆ ماوەیەکی کاتی قەدەخەکرد و دواتر بەرپرسان گوتیان، ئینستاگرام پابەند نەبووە بە یاساکانی تورکیا؛ هەروەها هەموو ئەو نێوەڕۆکانەی قەدەخەکردووە کە باسی داعش، پەکەکە، پەیەدە و فەتحوڵا گولەن دەکەن.
 
کێشە لەنێوان ئێکس و حکومەتی ڤەنزوێلا
 
 نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی فەنزوێلا لە 8ی8ی2024 رایگەیاند، فەرمانیکردووە بە قەدەخەکردنی پێگەی ئێکس لە ڤەنزوێلا بۆ 10 رۆژ، بەهۆی پێشنیازی لیژنەی نیشتیمانیی پەیوەندییەکان و ئیلۆن مەسکیشی تۆمەتبارکرد بە برەودان بە کینە، دوای ئەوەی هەڵبژاردنێکی ناکۆک لە وڵاتەکە بەڕێوەچوو. لەبەرامبەردا ماسک وەڵامی دایەوە و گوتی، "شەرمە بۆ مادورۆی دیکتاتۆر."
 
هەروەها لەئەنجامی ناکۆکی نێوان ئیلۆن مەسک و دادوەری دادگەی باڵای بەرازیل، ئیلۆن مەسک بڕیاریدا لە 18ی هەشتی 2024 پێگەی ئێکس لە بەرازیل دابخرێت. دوای ململانێی زۆری ئەو دوو لایەنە، راگەیێندرا پێگەکە کراوەتەوە.
 
پاشان بابەتی خاوەندارێتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا پەرەیسەند. بەم دواییانە لە کۆنگرێس تۆمەتەکان رووبەڕووی خاوەنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرانەوە، بەهۆی ئەوەی گوایە شکستیان هێناوە لە پارێزگاریکردن لە منداڵ بۆئەوەی بەکارنەهێندرێن.
 
کۆمپانیای مێتا کە خاوەنی فەیسبووکە تۆمەتبارکرا بەوەی لە مانگی هەشتی 2024 رێگەی داوە ریکلام بکرێت بۆ فرۆشتنی مادەی هۆشبەر؛ هەروەها نزیکەی 10 کۆنگرێسمان کاردەکەن بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی یاسایەک لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ مادەی هۆشبەر.
 
تیکتۆکیش لەو بابەتە بێبەش نییە. لە نیسانی 2024 پرۆژەیاسایەک بۆ قەدەخەکردنی تیکۆک لەو وڵاتە ئامادە کرا.
 
هەمان دۆخ لە بەریتانیاش بە شێوازی دیکە هەیە. دوای ئەوەی ناڕەزایی دروستبوو لە کوشتنی سێ ژن لە ساوسپۆرت لە 29ی حوزەیرانی 2024، حکومەتی بەریتانیا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تۆمەتبارکرد بە بەشداری لە هەڵگیرساندنی ناڕەزاییەکان و گوتی، دەبێت بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرن.
 
بەریتانیا کاریکرد لەسەر یاسای سەلامەتی ئینتەرنێتی کە سزای تێدابوو. چاودێران بڕوایان وابوو ئەگەر کۆمپانیاکان ناچاربکرێن بە سزا ئەوا کاریگەری باشی بۆ داهاتوو دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی هەڵدانی مووشەکەکە. وێنە: AFP

بۆ یەکەمجار سپەیس ئێکس بەگەڕخەری کەشتییەکی ئاسمانی بە سەرکەتوویی لەسەر سەکۆی خۆی نیشتاندەوە

دامەزرێنەری کۆمپانیای سپەیس ئێکس بڵاویکردەوە، بۆ یەکەمجار توانیان بەگەڕخەری کەشتییەکی ئاسمانی بە سەرکەوتوویی لەسەر سەکۆی خۆی بنیشێننەوە. ئەمە یارمەتیدەرێکی باشی کۆمپانیاکە دەبێت بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی بەگەڕخەرەکانی.