بەهۆی شەڕی حەماس و ئیسرائیل پۆلیسی فەرەنسا 7 هەزار پۆلیس لەنێوخۆی وڵات بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە فەرەنسا لەدوای دوای دەستپێکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، ترسی ئەوە بڵاوبووەتەوە هێرش بکرێتە سەر کەس و دامەزراوەکانی جووەکان، بۆیە حکومەتی ئەو وڵاتە رێکاری ئەمنیی گرتووەتەبەر و 7 هەزار پۆلیسی بڵاوەپێکردووە.

13ـی ئەم مانگە کەسێکی بە رەچەڵەک چیچانی بە دەم گوتنی "ئەڵاهوئەکبەر" بە چەقۆ هێرشی کردە سەر مامۆستایەکی قوتابخانەیەک و کوشتی، سێ مامۆستای دیکەشی بریندارکرد، ئەو رووداوەش لە قوتابخانەیەکی شارۆچکەی ئەراسە لە باشووری فەرەنسا روویدا.
 
مارتن دووساو، مامۆستا سەبارەت بە رووداوەکە دەڵێ "بە راستی کارەسات بوو، هاوکارەکەی خۆمان لەسەر زەوی بینی کە کەوتبوو. ئەوم بینی لەنێو گۆمی خوێندا بوو؛ هەستم کرد دۆخەکە زۆر مەترسیدارە."
 
پۆلیسی فەرەنسا دەڵێت، جگە لە هێرشکارەکە، 10 کەسی دیکە بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە رووداوەکەوە دەستگیرکراون. 
 
بەرپرسانی فەرەنسا رووداوەکە بە گرژییەکانی ئەم دواییانەی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە دەبەستنەوە و ئاماژە بەوە دەکەن، لە شەممەی رابردووەوە 12 کەس لە فەرەنسا و لە نزیک قوتابخانەکان و پەرستگەی جووەکان دەستگیرکراون و گومانی ئەوەیان لێکراوە ‌هێرشبکەنە سەر کەسانی جوو. 
 
ئەو رووداوانەش حکومەتی فەرەنسایان نیگەران کردووە، بۆیە بڕیاریداوە 7 هەزار پۆلیس لە شەقامەکان بڵاوەپێبکات. 
 
جێرالد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا گوتی "بەگوێرەی زانیارییەکانمان، بەداخەوە پەیوەندی لەنێوان ئەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدات لەگەڵ ئەو هێرشەی روویدا. دەتوانین بە روونی ئەوە ببینین، لەبەرئەوە بەدڵنیاییەوە لەلایەن تووندڕۆکانەوە داواکاری بۆ ئەنجامدانی تووندوتیژی هەبووە."
 
لە کۆی 67 ملیۆن دانیشتووای فەرەنسا، زیاتر لە 500 هەزاریان جوون و 14 پەرستگەیان لە وڵاتەکەدا هەیە. لە بەرامبەردا لە ساڵی 2023 لە فەرەنسا 2.1 ملیۆن کەس گوتوویانە موسڵمانن.