کۆشکی ڤێرسای لە فەرەنسا بەهۆی مەترسیی بۆمب چۆڵکرا

14-10-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن فەرەنسا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی فەرەنسا رایگەیاند، بەهۆی مەترسیی هەبوونی بۆمب کۆشکی ڤێرسای چۆڵکرا. 
 
کۆشکە مێژووییەکە دەکەوێتە ناوچەی ڤێرسایی سنووری پاریسی پایتەختی فەرەنسا، پێشتر کۆشکی خێزانی شاهانە بووە و دواتر کراوەتە مۆزەخانەی مێژووی فەرەنسا و، ژمارەیەکی زۆری گەشتیار سەردانی دەکەن. 
 
هێزە ئەمنییەکان بەهۆی مەترسیی هەبوونی بۆمب، کۆشکەیان لە گەشتیار و سەردانکار چۆڵکرد.
 
ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، دەریدەخەن زەنگی مەترسیی لێدراوە و گەشتیاران بە خێرایی لە کۆشکەکە دەچنە دەرەوە. 
 
زەنگەکە دوای ئەوە لێدرا، کە لە لایەن کەسێکی نەناسراوەوە لەسەر ئینتەرنێت نامەیەک بۆ کۆشکەکە نێردراوە و تێیدا باس لە مەترسیی هەبوونی بۆمب کراوە.
 
داخستنی کۆشکی ڤێرسای لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ مۆزەخانەی لوڤەر (لوڤغ) لە پاریس، بەهۆی بوونی مەترسیی ئەمنیەوە داخرا، ئەوکاتەش بەپێی سەرچاوەیەکی پۆلیس، مەترسیی بوونی بۆمبی چێنراو هەبووە.
 
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، راگەیێندراوێکی کورت لە هەژماری مۆزەخانەی لوڤەر، کە گەورەترین مۆزەخانەیە لە جیهان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکرایەوە، کە ئەمە دەقەکەیەتی "سەردانکەرانی ئازیز، بەهۆکاری ئەمنی، مۆزەخانەی لوڤغ ئەمڕۆ (شەممە، 14ـی ئۆکتۆبەر) دادەخرێت. هەموو ئەوانەی داواکاریی سەردانیان پێشکێش کردووە، قەرەبوو دەکرێنەوە.''

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە