خەڵاتی ستیڤی چییە و رووداو چۆن وەریگرت؟


رووداو دیجیتاڵ 

رووداو خەڵاتی زێڕینی ستیڤیی بەدەستهێنا، ئەوەش لەپای ئەو رۆڵەی لە میدیای کوردستان، ناوچەکە و جیهان دەیگێڕێت. بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ کە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە چووبووە ئیتاڵیا دەڵێت، "ئێستا ئامانجی ئێمە سەرانسەری جیهانە."
 
رۆژی 13-10-2023 رۆژێکی جیاواز بوو، چونکە تۆڕی میدیایی رووداو لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا لە رێوڕەسمێکی گەورەدا خەڵاتی "کۆمپانیای ساڵ"ی ستیڤیی پێ بەخشرا وەکو "باشترین میدیای قەبارە مامناوەندی ساڵ لەسەر ئاستی جیهان."
 
ماگی میلەر، سەرۆکی دامەزراوەی خەڵاتەکانی ستیڤی لەبارەی بردنەوەی خەڵاتی ستیڤی لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "ئەوە دەستکەوتێکی گەورەیە. بە بڕوای من، رووداو تاکە کۆمپانیای میدیایی عێراقە کە ئەم ساڵ یانیش بۆ یەکەمجار خەڵاتی ستیڤیی بزنسی نێودەوڵەتیی بردبێتەوە." 
 
بۆ دامەزراوەیەکی تەمەن 10 ساڵی وەکو رووداو، بە گوتەی ماگی میلەر، بردنەوەی خەڵاتی ستیڤی "دەستکەوتێکی گەورەیە و پێویستە شانازی بە خۆیانەوە بکەن."
 
ساڵانە زیاتر لە 12 هەزار کۆمپانیا، تۆڕ و دامەزراوە لە بوارە جیاوازەکاندا لە زیاتر لە 70 وڵاتەوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکانی ستیڤی بەربژێر دەکرێن. زیاتر لە 1000 کەسی پیشەیی و شارەزای بوارەکان لە پڕۆسەی هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی براوەی خەڵاتەکاندا بەشدار دەبن. هەموو بەربژێرەکانیش مافی ئەوەیان هەیە لە هەڵسەنگاندنی ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگێنەر ئاگاداربن و زانیاری تەواویان لەوبارەوە هەبێت.
 
لەنێو 12 هەزار بەربژێردا رووداو وەکو "باشترین میدیای قەبارە مامناوەندی ساڵ لەسەر ئاستی جیهان" هەڵبژێردرا. لەبارەی خەڵاتەکەوە ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو بۆ رۆما ئاماژەی بەوە کرد، "هاوشێوەی خەڵاتی نۆبڵە."
 

 

 

بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ دەڵێت، "ئێستا ئامانجی ئێمە سەرانسەری جیهانە، شانازییەکی گەورەیە بۆ کوردستان و کورد، کە براندێکی میدیایی کوردیی هەیە لەسەر ئاستی جیهان کارەکانی ناسراوە و توانیویەتی ناوی کورد و کوردستان بگەیێنێتە پاڵ ئەو کۆمپانیا گەورە جیهانییانەی کە لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە ناویان ببیستیت دەزانیت کێن. لۆگۆ و براندی رووداو دەچێتە پاڵ هەموو ئەو کۆمپانیا گەورانە بە وەرگرتنی خەڵاتی ئاڵتوونیی ستیڤی."
 
بڕوا کیانی باسی لەوە کرد، رووداو بەشێوەیەکی بێلایەنانە دەنگی هەموو لایەنەکان بەبێ جیاوازی دەگەیێنێت، ئەوەشی بە "گرنگ" ناوبرد لە میدیای رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.

 

 
بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ گەنجترین بەڕێوەبەری بەشە لە کەناڵەکەدا، لەبارەی گرنگیدانی رووداویش بە گەنجان گوتی، "هەمیشە گرنگیمان بە توانای گەنج داوە. ئەو بیرکردنەوە داهێنەرانەی گەنجەکان دەرفەتێکە بۆ هاتنەپێشەوەیان و هەلی خۆسەلماندنیان هەیە، دەتوانن تۆڕی میدیایی رووداو بەرەو پێشەوە ببەن."

 

 
رێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتەکە کاژێر 19:00 بە کاتی رۆما [کاژێر 20:00 بە کاتی هەولێر] لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا دەستی پێکرد و کاژێر 21:50 خولەک بەکاتی هەولێر، دکتۆر ئاراس برادۆستی، بەڕێوەبەری دێسکی تەندروستیی رووداو و بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ بە نوێنەرایەتیی تۆڕی میدیایی رووداو خەڵاتەکەیان وەرگرت. 
 
لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا دکتۆر ئاراس بە زمانی ئیتاڵی و بڕوا کیانی بە زمانی ئینگلیزی گوتیان، خەڵاتەکە بۆ کوردستانە. 
 
دکتۆر ئاراس، بەڕێوەبەری دیسکی تەندروستیی رووداو پاڵپشتیی ئەوە دەکات کە خەڵاتی ستیڤی بۆ رووداو، "وەکو نۆبڵ وایە لە بوارەکەدا." گوتیشی، "زۆر دڵخۆش و سەربەرزم بەوەی لەگەڵ هاوکارانم لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا توانیومانە رووداو لە ئاستی یەکەمی بێ رکابەری لە میدیای کوردیدا بهێڵینەوە؛ ئێستا لە جیهانیشدا رووداو دەبێتە یەکەمی بێ رکابەر."
 
 
خەڵاتی ستیڤی، خەڵاتێکی گەورەی جیهانییە و دکتۆر ئاراس دەڵێت، "بەرپرسیارێتییەکی گەورەش دەخاتە سەر شانی ئێمە، کە زیاتر هەوڵبدەین و رووداو لەو ئاستە بەرزەی ئێستا تێیدایە، بیهێڵینەوە. ئێستا رووداو لە باشترین دۆخ و قۆناخ و بەرزترین ئاستیدایە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەرکی ئێمەش لە قورسترین باریدایە، راگرتنی ئەم یەکەمی بێ رکابەرییە وا دەخوازێت قورستر کار بکەین."
 
بەڕێوەبەری دیسکی تەندروستیی رووداو دەشڵێت، "رووداو لە شوێنێکی پڕ گرفت و ململانێ لەدایکبووە، شوێنی لەدایکبوونی باش و تەندروست و پێشکەوتن و گەشەکردنێکی وا گەورە نییە، ئەوە رووداوە توانیی وا پێشبکەوێت لە شوێنێکی وا پڕ گرفت و کێشە و ململانێ."

 

 
ئەو خەڵاتەی رووداو وەری گرت خەڵاتی "کۆمپانیای ساڵ"ی ستیڤییە وەکو "باشترین میدیای قەبارە مامناوەندی ساڵ لەسەر ئاستی جیهان"، کە خەڵاتێکی نێودەوڵەتییە. رووداو لەسەر بنچینەی کاریگەری هەرسێ بەرنامەی (لەگەڵ رەنج) و (بەرپرسیار) و (دکتۆر ئاراس)؛ هەروەها بەهۆی فراوانیی رووماڵ و بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانی لە سۆشیاڵمیدیا و پلاتفۆرمە جیاوازەکانی دیکە خەڵاتەکەی وەرگرت.
 
ئەدریان وێڵز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆڕی هەواڵی ئەوروپی - ئینێكس گوتی، بردنەوەی خەڵاتی زێڕینی ستیڤی لە لایەن رووداوەوە "سەلمێنەری پیشەگەری و ئاستبەرزیی" رووداوە؛ گوتیشی، "ئێوە باڵیۆزی هەرێم و وڵاتەکەتانن."