بەریتانیا یەکەم ژن لە کەمپی هۆل وەردەگرێتەوە

14-10-2022
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی بەریتانیا ئافرەتێکی بەریتانی و منداڵەکەی لە کەمپی هۆلی سووریا وەردەگرێتەوە و ئەمەش یەکەم بەریتانییە لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی زەوینی داعش لەو کەمپەدا ژیابێت و بگەڕێتەوە وڵاتەکەی. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 13ی تشرینی یەکەمی 2022، جۆنتان هارگرایڤس، نوێنەری تایبەتی بەریتانیا بۆ کاروباری سووریا، لە تویتێکدا، ئاشکرای کرد بەرپرسانی بەریتانی دوو هاووڵاتیی بەریتانییان لە سووریاوە بۆ وڵاتەکە گەڕاندووەتەوە.
 
هەمان رۆژ، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد کە سیاسەتی بەریتانیا بۆ ئەو بەریتانییانەی لەنێو کەمپی هۆلی سووریان، کەیس بە کەیس هەڵسەنگاندن بۆ دۆخیان دەکات. ئەگەر پێویست بە هاوکاری و گەڕاندنەوە بۆ بەریتانیا بکات، بڕیاری لەسەر دەدەن.
 
بەگوێرەی میدیای بەریتانیا، رێکخراوە مرۆییەکان ئاشکرایان کردووە، ژنەکە لە تەمەنێکی گەنجدا، لەلایەن خزمێکییەوە رفێندراوە بۆ سووریا و بەزۆر بردراوە بۆ ئەو وڵاتە و لەوێش منداڵێکی بووە و هەردووکیان لە رووی دەروونییەوە دۆخیان ناجێگیرە.  
 
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ناسنامەی ئافرەت و منداڵە بەریتانییەکەی ئاشکرا نەکردووە و داواشی کردووە کە ناسنامەی ئاشکرا نەکرێت.
 
نزیکەی 60 بەریتانی و لەنێویشیان 35 منداڵ لەنێو کەمپی هۆل دەژین و زۆربەشیان لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە دەستگیرکراون لە رۆژانی کۆتایی شەڕی زەوینی داعش لە سووریا لە ساڵی 2019 و زۆربەشیان لە نێو کەمپەکانی هۆل و رۆژن لە باکوری رۆژهەڵاتی سووریا.
 
سەرەڕای پرۆسەی وەرگرتنەوەی کەسوکارانی چەکدارانی داعش لەلایەن وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکاوە خاو بووەتەوە، بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگەوە حکومەتی ئوسترالیا ئاشکرای کرد لە پلانیدایە هاووڵاتییەکانی خۆی وەربگرێتەوە، کە ژمارەیان 60 کەس دەبێت و 40یان منداڵن.
 
بەریتانیا تائێستا کەسانی بەتەمەنی لەو کەمپە وەرنەگرتووەتەوە و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی بە هۆکار داناوە، بەڵام سێ ساڵ لەمەوبەر ژمارەیەک منداڵی وەرگرتەوە. دۆمەنیک راب-ی وەزیری ئەوکاتی دەرەوەی بەریتانیا ئەو هەنگاوەی بە "کارێکی دروست" وەسفکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مزگەوتێکی هەولێر؛ وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

توێژینەوەیەک: 85%ـی هاونیشتمانییانی باشووری کوردستان و هاووڵاتییانی عێراق رۆژانە نوێژ دەکەن

نزیکەی 98%ـی دانیشتووانی ئیندۆنیزیا پێیانوایە ئایین لە ژیانی رۆژانەدا زۆر گرنگە و 95%یشیان دەڵێن، رۆژانە نوێژ دەکەن. ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانی بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپاش باس لەوە دەکەن، ئایین لە ژیانی رۆژانەدا بەلایانەوە گرنگ نییە.