حیزبوڵڵای لوبنان: لەڕێگەی دادوەری لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکەی بەیرووت ناگەنە دادپەروەری

15-10-2021
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت
تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەدان کەس لە لایەنگرانی حیزبوڵڵا چوونە ناوچەی عەدلیە لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان، دژی ئەو دادوەرە خۆپێشاندانیان کرد کە دۆسیەی لێکۆڵینەوەی لە تەقینەوەکەی بەیرووتی پێڕاسپێردراوە.
 
لایەنگرانی حیزبوڵڵا وێنەی دادوەر تارق بەیتاریان سووتاند، کە دووەم دادوەرە لەو دۆسیەیە دەکۆڵێتەوە و رووبەڕووی رەخنە و هێرش دەبێتەوە.
 
حەسەن زەبیب، خۆپێشاندەر دەڵێت، "هەندێک هەڵە هەن کە لەلایەن لێکۆڵەرە نوێکەوە ئەنجامدراون پێویستیان بە پێداچوونەوەیە، بۆئەوەی رێگە راستەکە سەروەربێت و کەسوکاری قوربانیانیش خۆیان نەبنە قوربانی".
 
زۆری پێنەچوو خۆپێشاندەران لەلایەن چەند چەکدارێکەوە درانە بەر دەستڕێژی گولـلە، دواتریش تەقەکەرەکان رایانکرد و خۆیان لەنێو باڵەخانەکان شاردەوە.
 
سوپای لوبنان هێزێکی بڵاوکردەوە کە لە تانک و زرێپۆش پێکهاتبوون، لە رووبەڕووبوونەوەکەدا لەگەڵ چەکداران نارنجۆ و نیشانشکێن و چەندین جۆری چەکی سوک و قورس بەکارهاتن.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی لوبنان، لەو شەڕەدا لانیکەم شەش کەس کوژراون و زیاتر لە 30 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
ئەو ناڕەزایەتییەی لایەنگرانی حیزبوڵڵا لە دژی دادوەر تاریق بەیتار، لەدوای گوتارێکی ئەمینداری گشتیی حیزبەکەیان هات کە دەڵێت، دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران چارەسەرێک بۆ بابەتی تەقینەوەکەی بەیرووت بدۆزێتەوە.
 
حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، "لە یەکەم قسەم لەسەر ئەو خاڵە، بە کەسوکاری شەهیدان دەڵێم، ئەگەر ئێوە چاوەڕێ دەکەن بەو دادوەرە بگەن، بەڕاستی ناگەن بە راستی، ئەگەر چاوەڕێ دەکەن لەڕێگەی ئەو دادوەرەوە بگەن بە دادپەروەری، هەتا ئەگەر بۆ بڕیارێکی بچووکیش بێت، ناگەن بە دادپەروەری".
 
لە 4ی ئابی 2020 سەدان تۆن لە نیتراتی ئەمۆنیۆم لە بەندەری بەیرووت تەقییەوە، بەهۆیەوە 214 کەس گیانیان لەدەستدا و 6000 کەسی دیکە برینداربوون، تەواوی ئەو گەڕەکانەی وێرانکرد کە لە بەندەرەکەوە نزیکبوون.
 
میدیای سەربەخۆ و گرووپە بنکۆڵکارەکان دەڵێن زۆربەی بەرپرسە سیاسی و ئەمنییەکانی لوبنانی دەیانزانی کە ئەو هەموو تەقەمەنییە سوتێنەرە لەو بەندەرە هەڵگیراوە بەڵام بێدەنگییان لە بەرامبەری هەڵبژاردووە.
 
حیزبوڵڵای لوبنانی کە بە لایەنێکی سیاسی و چەکداریی بەهێزی لوبنان دەناسرێت، لەو تۆمەتانەی لەسەر هەڵگرتنی تەقەمەنییەکان ئاراستە دەکرێن، پشکی شێریان بەرکەوتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە