ئۆکراینا: رووسیا زیاتر لە 8000 درۆنی ئێرانی لە جەنگدا بەکارهێناوە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراینا رایگەیاند، لەو کاتەی جەنگی نێوانیان لەگەڵ رووسیا دەستیپێکردووە، رووسیا 8 هەزار و 60 درۆنی جۆری (شاهید)ـی دروستکراوی ئێرانی بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکراینا بەکارهێناوە.
 
رۆژی هەینی، 13ـی ئەیلوولی 2024، وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراینا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رووسیا و ئێرانی بە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ یەک دژ بە ئۆکراینا تۆمەتبار کرد و نووسی، "دۆستایەتی نێوان رووسیا و ئێران بووەتە هۆی ئەوەی ماڵ وێران بن و خەڵکیش گیانلەدەست بدەن".
 
وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراینا ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد، لە پایزی 2022 درۆنی جۆری 'شاهید'ـی بە رووسیا داوە و سوپای رووسیاش بۆ ئامانجە دوورمەوداکان بەکاریهێناوە. 
 
لە ئاداری ئەم ساڵ میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە، رووسیا بە هاوکاری ئێران لە کۆماری تەتەرستان درۆنی جۆری شاهید دروست دەکات و لە جەنگی ئۆکراینا بەکاریدەهێنێت.
 
رۆژی سێشەممەی رابردوو، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، رووسیا مووشەکی بالیستی لە ئێران وەرگرتووە و بە ئەگەری زۆرەوە لە چەند هەفتەی داهاتوو دژ بە ئۆکراینا بەکاریاندەهێنێت. ئێران تۆمەتەکانی رەتکردنەوە و رووسیاش بە "بێ بنەما" ناویبردن. 
 
رۆژی هەینی سوپای ئۆکراینا رایگەیاند، دوو ساڵ بەسەر ئەو رۆژەدا تێپەڕ دەبێت کە یەکەم درۆنی دروستکراوی ئێرانیان لەنێو خاکی وڵاتەکەیان خستووەتە خوارەوە. 
 
لە شوباتی 2022 جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دەستیپێکردووە، رووسیا و ئێران زیاتر لە یەکدی نزیک بوونەتەوە. رووسیا دەڵێت، لە هەموو رووەکانەوە پەیوەندییەکانیان بەرەو پێشەوە دەبەن. 
 
لە شوباتی ئەم ساڵ، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، تەنیا لە دوو مانگی سەرەتای 2024، سوپای وڵاتەکەی توانیویەتی 359 درۆنی جۆری شاهیدی ئێرانی تێکبشکێنێت.