ترەمپ هێرش دەکاتەوە سەر کۆچبەران: بەکۆمەڵ دیپۆرتیان دەکەمەوە

رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر کۆچبەران و گوتی، ئەگەر ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا، بە کۆمەڵ کۆچبەران دیپۆرتدەکاتەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە لە دیبەتەکەیدا لەگەڵ کامالا هاریس رەخنەی زۆری لەسەر گوتەکانی لەبارەی کۆچبەران لێگیرا.
 
رۆژی شەممە 14ـی ئەیلوولی 2024، دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری لۆس ئەنجلس لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا هەڕەشەی لە کۆچبەران کرد و گوتی: "ئێمە هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران لە مێژووی وڵاتەکەمان دەستپێدەکەین و یەکەمین شوێنیش لە سپرینگفیڵد و ئۆرۆرا دەستپێدەکەین".
 
رۆژی هەینی، بەرپرسانی شاری سپرینگفیڵد رایانگەیاند، دوو قوتابخانەی شارەکە بەهۆی بوونی هەڕەشە داخراون. دەشڵێن، هەڕەشەکان پەیوەندییان بەو تۆمەتانەوە هەیە کە ئاراستەی کۆچبەرانی شارەکە دەکرێن.
 
گوتەکانی ترەمپ، کاردانەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکای بەدوادا هات و گوتی: "ئەوەی ئەو [ترەمپ] دەیڵێت، دەبێت بوەستێت. ئەو شتانە لە ئەمریکا جێگەی نابێتەوە".
 
رۆژی چوارشەممە 11-09-2024 دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا لە دیبەتی سەرۆکایەتیدا هێرشیکردە سەر کۆچبەران و گوتی: "لە شاری سپرینگفیڵد لە ویلایەتی ئۆهایۆ، کۆچبەرە هایتییەکان سەگ و پشیلە دەخۆن و ئاژەڵە ماڵییەکانی خەڵکی ئەو ناوچەیە دەدزن."
 
دوای دیبەیتەکە، بەرپرسانی شاری سپرینگفیڵد تۆمەتەکانی ترەمپیان لەبارەی کۆچبەران رەتکردەوە و بە "هەڕەشە بۆ سەر کۆمەڵگە" ناویان برد.
 
رۆژی 06-09-2024 وێنەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، کە تێیدا پیاوێکی رەشپێست دەردەکەوێت مراوییەکی مرداربووی لەدەستە. لە بڵاوکراوەکە نووسراوە، "سپرینگفیڵد شارۆچکەیەکی بچووکی ئۆهایۆیە. چوار ساڵ لەمەوبەر 60 هەزار کەس لەو شارۆچکەیە دەژیان، ئێستا لەژێر ئیدارەی بایدن و هاریس نزیکەی 20 هەزار کۆچبەری هایتی هێنراونەتە شارۆچکەکە. ئێستا خەریکە مراوی و ئاژەڵە ماڵییەکان نامێنن."
 
برایان هێک، پارێزگاری سپرینگفیڵد بڵاویکردەوە: "وەک وەڵامێک بۆ ئەو دەنگۆیانەی کە گوایە تاوانکاری لەلایەن کۆچبەرانەوە لە شارەکەی ئێمە کراوە، دەمانەوێت روونی بکەینەوە کە هیچ بەڵگەیەک نییە پیشانی بدات ئاژەڵی ماڵی رفێندرابن و خورابن."
 
رۆژی 09-09-2024 پۆلیسی شاری سپرینگفیڵد رایگەیاند، هیچ سکاڵایەکیان بەدەست نەگەیشتووە.
 
تاکە رووداو کە پەیوەندیی بەو دەنگۆیانە هەبێت لە رۆژی 26-08-2024 روویدا، کاتێک ژنێکی 27 ساڵ لە شاری کانتۆن لە ئۆهایۆ پشیلەیەکی ئەشکەنجە دا، کوشتی و خواردی. پۆلیس ژنەکەی دەستگیرکرد و رایگەیاند، نەخۆشیی دەروونی هەبووە. پۆلیس هەروەها ئاشکرای کرد، ژنەکە کۆچبەر نییە و لەو ویلایەتە لەدایکبووە.