جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ رووداو: دەتوانین بەبێ رۆژئاوا کێشەکانمان چارەسەر بکەین
رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت، وڵاتانی رۆژئاوا لە ناوچەکە لەسەر پرەنسیپی "پارچەی بکە و بەڕێوەی ببە" کار دەکەن. دەشڵێت، "دەتوانین بەبێ رۆژئاوا کێشەکانمان چارەسەر بکەین."
ئەمڕۆ شەممە 14ی ئەیلوولی 2024 کامێز شەدادی، پەیامنێری رووداو لە رووسیا پرسیاری لە سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا کرد، دەربارەی ئەوەی ئاخۆ دوای ئەوەی فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا لە شاری قاهیرە داوای لە تورکیا کرد کە هێزەکانی لە سووریا و عێراق بکشێنێتەوە؛ "ئایا رووسیا وەکو وڵاتێکی ناوبژیوان و گەرەنتیکار ئەم داوایە وەکو مەرجی پێشوەخت بۆ دیداری نێوان ئەردۆغان و ئەسەد دەبینێت؟"، یاخود، "ئەگەری هەیە کە پووتین، ئەردۆغان و ئەسەد لە ماوەیەکی نزیکدا کۆببنەوە؟"
جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە وەڵامدا گوتی، "ئێمە دەمانەوێت رێگەچارەیەکی هاوبەش بۆ سەرجەم کێشەکان بدۆزرێنەوە، پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و شام بابەتێکی سەرەکییە و دەمانەوێت هۆکارەکانی ناکۆکیی نێوان وڵاتان چارەسەر بکرێن."
گوتیشی، "هەریەک لەو وڵاتانە تایبەتمەندی خۆیان هەیە، بەڵام هەردووکیان پەیوەندییان لەگەڵ ئێمەدا هەیە. ئێمە دەزانین هەریەک لەو وڵاتانە تێڕوانینێکی تایبەتیان هەیە، کە ناتوانن دەستبەرداری بن، بەڵام هەرچەندە گفتوگۆ بەردەوام بێت، بێ ئەوەی هیچ لایەنێک مەرجی پێشوەخت و قورس پێشکێش بکات، دەتوانێت ببێتە هۆی ئاساییبوونەوەی بارودۆخی ناوچەکە."
ریابکۆڤ ئاماژەی بەوەش دا، "لەدوای ئاساییبوونەوەی بارودۆخی ناوچەکە، دەتوانین بەبێ دەستێوەردانی تێکدەرانەی رۆژئاوا کێشەکانمان چارەسەر بکەین، لەبەرئەوەی رۆژئاوا لەسەر پرەنسیپی (پارچەی بکە و بەڕێوەی ببە) کار دەکات."