سەرکردەکانی جیهان لەسەر پرسی چارەسەری دوو دەوڵەتیی فەلەستین- ئیسرائیل لە مەدرید کۆبوونەوە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری وڵاتانی موسڵمان و ئەورووپی، شانبەشانی بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپا لە ئیسپانیا کۆبوونەوە و گفتوگۆی پرسی چارەسەری دوو دەوڵەتییان بۆ ئیسرائیل و فەلەستین کرد.
 
رۆژی هەینی 13-09-2024 پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە ئێکس بڵاویکردەوە: "پێکەوە دەمانەوێت ئەو هەنگاوە تۆکمانە بنێین کە وادەکەن بەرەو ئامانجی دوو دەوڵەتی بڕۆین. مەرجە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە بنێت بۆ ئەوەی ئاشتیی هەمیشەیی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرقەرار بێت."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا میوانداریی چەندین وەزیر و بەرپرسی جیهانی کرد و گفتوگۆی چارەسەری دوو دەوڵەتییان بۆ ئیسرائیل و فەلەستین کرد. بەشداربووان بریتیبوون لە: سەرۆکوەزیرانی فەلەستین؛ وەزیرانی دەرەوەی قەتەر، میسر، ئوردن، سعودیە، نەرویج، ئایرلاند، سلۆڤینیا، ئیسپانیا و تورکیا؛ هەروەها سەرۆکی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی و کۆمکاری عەرەبی.
 
جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا یەکێکی دیکە بوو لە ئامادەبووان. خۆزێ مانوێل ئەلبارێز، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا رایگەیاند: "جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەتی تاکە رێگەی فەراهەمکردنی ئاشتییە لە ناوچەکە."
 
لەبارەی ئامادەنەبوونی هیچ نوێنەرێکی ئیسرائیل، ئەلبارێز گوتی ئیسرائیل بانگێشت نەکراوە، چونکە وەکو دەوڵەتێک سەر بە ئەورووپا یان هیچ وڵاتێکی عەرەبی و ئیسلامی نییە. وەزیرە ئیسپانییەکە گوتیشی، ئەوان دڵخۆش دەبن ئەگەر ئیسرائیل لە کۆبوونەوە و گفتوگۆکان بەشداربێت.
 
لەکاتەوەی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکردووە، چەندین لایەن بە ئەمریکاشەوە داوای چارسەری دوو دەوڵەتیان کردووە. لەوکاتەوەش پێدرۆ سانچێز یەکێک بووە لە رەخنەگرە سەرسەختەکانی ئیسرائیل لە بەرامبەر غەززە.
 
سەرەتای مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ، سانچێز گوتی: "یەکەمین لووتکەی دوو قۆڵیی نێوان ئیسپانیا و فەلەستین پێش کۆتایی هاتنی ساڵی 2024 بەڕێوەدەچێت."