رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا لە وێستگەی هەڵدانی مووشەک بۆ بۆشایی ئاسمان لە شاری ڤلادیڤۆستۆک لە رۆژهەڵاتی رووسیا پێشوازیی لە رێبەری کۆریای باکوور کرد. دوای رێککەوتنیان لەسەر فراوانبوونی هاوئاهەنگیی سەربازی، ئەمریکا هەڕەشە دەکات.
ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور، ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەی کە لە جۆری لیمەزینە پیشانی رێبەری کۆریای باکوور دا و دواتریش ئێوارەخوانێکی پڕ لە خواردنی رووسیی بۆ رازاندەوە.
سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، "لە کۆریا پەندێک هەیە دەڵێت، جلوبەرگ ئەوکاتە باشە کە نوێیە، بەڵام هاوڕێ ئەوکاتە باشە کە کۆنە. خەڵکی ئێمەش دەڵێن، هاوڕێیەکی کۆن باشترە لە دووانی تازە. ئەم پەندە کۆنانە، بە تەواوەتی لەگەڵ پەیوەندییە نوێیەکەی نێوان وڵاتەکانمان دەگونجێت."
رێبەری کۆریای باکوور گوتی، "ورەمان بەرزە کە سوپای رووسیا و گەلەکەی سەرکەوتنێکی مەزن بەدەستدەهێنن، لەو جەنگە دادوەرییەی لەپێناو سزادانی گرووپە ناحەزەکان، کە بەدوای هەژموون و فراوانخوازی و ئامانجەکانیان دەکەون، ئەمەش لەپێناو بەدیهێنانی دۆخێکی گەشەکردوو و سەقامگیر."
ئەمە یەکەم سەردانی کیم جۆنگ ئونە بۆ دەرەوەی وڵات لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دوای ئەوەی بە شەمەندەفەرێکی گولـلەنەبڕ گەیشتە رووسیا.
ئەمریکا نیگەرانیی خۆی دەربڕی و کۆریای باکووری تۆمەتبار کردووە لە 18 مانگی جەنگی دژ بە ئۆکراینادا، هاوکاریی سەربازی و دارایی رووسیای کردووە. مۆسکۆ و پیۆنگیانگیش تۆمەتەکانی واشنتن رەتدەکەنەوە.
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی رایگەیاند، "زۆر لە نزیکەوە چاودێریی ئەمە دەکەین و بزانین هەردوولا چی دەڵێن، لەوەوپێش رام گەیاندووە، بەردەوام داوا لە کۆریای باکوور دەکەین پابەندییە گشتییەکانی جێبەجێ بکات و هاوکاریی جەنگەکەی رووسیا لە ئۆکراینا نەکات. هیچ وڵاتێک لەسەر گۆی زەوی نابێت هاوکاریی بەڕێز پووتین بکات و خەڵکی بێتاوانی ئۆکراینی بکوژێت."
بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی هەواڵگری، رووسیا بە پێدانی "مووشەکی بالیستی و ژێردەریایی" کەرەستەی سەربازی و پەرەپێدانی بەرنامەی مانگی دەستکرد، هاوکاریی کۆریای باکوور دەکات، لە بەرامبەردا کیم ئامادەیی پێشانداوە هاوکاریی تەواوی هێزەکانی رووسیا لە جەنگی دژ بە ئۆکراینا بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ