زیلینسکی: زیاتر لە 100 سەربازی رووسیمان بە دیل گرتووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، لەوەتەی هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمی کورسک، لە پێشڕەوی بەردەوامن و نزیکەی 100 سەربازی رووسیایان بە دیل گرتووە. کۆشکی سپیش دەڵێت، ئەمریکا ئاگاداری ئەو هێرشە نەبووە و هیچ بەشدارییەکی تێدا نەکردووە.
رۆژی چوارشەممە 14-08-2024، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند "لە پێشڕەویمان بۆ نێو هەرێمی کورسک بەردەوامین. توانیومانە رۆژانە رووبەری یەک بۆ دوو کیلۆمەتر لە چەند ناوچەیەک بگرین و نزیکەی 100 سەربازی رووسیاش بە دیل بگرین."
لە بەرەبەیانی رۆژی 06-08-2024ـەوە، هەزاران سەربازی ئۆکراینی لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان هێرشیان کردە سەر رووسیا. هەرزوو ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، سەربازەکانیان دەتوانن ئۆکرایناییەکان دەربکەن و دووریان بخەنەوە؛ بەڵام ئەوە زیاتر لە هەفتەیەکە شەڕی چڕ بەردەوامە و تاوەکو ئێستا ئۆکراینییەکان دەرنەکراون.
هەرێمی کورسک دەکەوێتە رۆژئاوای رووسیا، رووبەری نزیکەی 30 هەزار کیلۆمەترە و زیاتر لە ملیۆنێک و 100 هەزار کەسی لێ دەژی.
زیلینسکی گوتی، ئەم هێرشانە بۆ گوشار خستنەسەر سەربازانی رووسیایە و دوای "داگیرکارییەکەی رووسیا" چەسپاندنی دادپەروەرییە.
ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند "دوێنێ شەو توانیمان 117 درۆنی ئۆکراینا تێکبشێنین و زۆربەیان ئاراستەیان بەرەو هەرێمەکانی کورسک، ڤۆرۆنێژ، بێلگۆرۆد و نیژنی بوون."
بەرگریی رووسیا راشیگەیاند "جگە لە درۆنەکان چەندین مووشەکیشمان بەرپەرچ دایەوە و بە فڕۆکەی سوخۆی su-34 چەند خاڵێکی سەربازیی ئۆکراینامان کردە ئامانج."
وەزارەتی بەرگریی رووسیا بڵاویکردەوە، سوپای وڵاتەکەی هێرشی کردووەتە سەر یەکەکانی 22، 61، 80، 82 و 115 کە لە هەرێمی کورسک شەڕ دەکەن و پێشڕەوییەکەی راگرتوون.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2000 سەربازی ئۆکراینی لەو شەڕەدا کوژراون، یان بریندار بوون، دەیان کەرەستەی سەربازییش تێکشکاون، لەوانەش 35 تانک.
هەر بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، لە 24 کاژێری رابردوودا سوپای وڵاتەکەی فڕۆکەیەکی جەنگیی ئۆکراینای خستووەتە خوارەوە و سێ سیستمی دژەمووشەک و 52 درۆنیشیان تێکشکاندووە.
سەرچاوەیەکی سەربازیی ناونەهێندراوی ئۆکراینا گوتی "سوپا بە درۆن هێرشی کردە سەر چوار بنکەی ئاسمانیی رووسیا، ئەمەش بۆ ئەوەی هێز و توانای ئەوان لە هێرشکردنە سەرمان کەمبکەینەوە."
پاسەوانی سنووریی رووسیا رایگەیاند، ئامادەیی سەربازی لە دەورووبەری وێستگەی ئەتۆمیی کورسک زیاد دەکەن، کە 35 کیلۆمەتر لە بەرەکانی جەنگەوە دوورە.
ئەم هێرشەی ئۆکراینا بۆ نێو خاکی رووسیا، تەواوی چیرۆکی جەنگە دوو ساڵ و نیوییەکەی گۆڕی؛ چونکە پێشتر هەر رووسیا لە پێشڕەوی و کۆنترۆڵکردنی خاکی ئۆکراینادابوو بەتایبەت لە بەری رۆژئاواوە.
ئەمڕۆ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند "لەبارەی ئەو هێرشەوە بە تەواوی لەگەڵ ئۆکراینا لە پەیوەندیداین و ئەم هێرشە دۆخێکی سەختی بۆ پووتین دروستکردووە."
کۆشکی سپی رایگەیاند، ئۆکراینا پێش ئەو هێرشە هیچ ئاگادارییەکی نەداوە و ئەمریکاش لەو هێرشە بەشدار نەبووە. لەکاتێکدا پێشتر رووسیا رایگەیاندبوو، پاڵپشتیکارە رۆژئاواییەکانی ئۆکراینا ئاگاداری ئەو هێرشە بوونە.
ماریا بوتینا، سیاسەتڤان و ئەندام پەرلەمانی رووسیا گوتی "بێگومان رۆژئاوا دەستی لەو هێرشەدا هەبووە. زۆر ناشرینە کاتێک ئەوان دەڵێن ئێمە ئاگاداری هیچ نین و هەموو شتەکە دەخەنە سەر ئۆکراینا."
بەرگریی رووسیا
میدیای فەرمیی رووسیا رایگەیاند، سوپای رووسیا لە هەموو لایەکەوە سەرکەوتووانە توانیویەتی وەڵامی ئۆکراینا بداتەوە.
هێرشەکانی رووسیا بوونە هۆی ئەوەی زیاتر لە 200 هەزار کەس لە ماڵەکانی خۆیان دەربەدەر ببن و رابکەن.
ئۆلیسکاندەر سیریسکی، سوپاسالاری ئۆکراینا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لە 24 کاژێری رابردوودا 40 کیلۆمەتر دووجا لە خاکی رووسیای کۆنترۆڵکردووە و، بەو جۆرەش لە ماوەی یەک هەفتەدا نزیکەی هەزار کیلۆمەتر دووجا لە خاکی رووسیا لەلایەن ئۆکرایناوە کۆنترۆڵ کراوە.
سیریسکی هەروەها رایگەیاند "شارۆچکەی سودژا کە سەرچاوەی ناردنی گازی سرووشتیی رووسیایە بۆ ئەورووپا، ئێستا لە دەستی سوپاکەی ئێمەدایە."
رۆژی دووشەممە 12-08-2024، پووتین رایگەیاند "کیێڤ بەو هێرشە دەیەوێت پێگەی خۆی لە دانوستاندنەکانی تایبەت بە راگەیاندنی ئاشتی، بەهێزتر بکات؛ بەڵام چ ئاشتییەک لەگەڵ دووژمنێک رابگەیێنن کە بەبێ جیاکاری هێرش دەکاتە سەر خەڵکی سڤیل و دامەزراوە ئەتۆمییەکان؟"
رۆژی سێشەممە 13ـی ئابی 2024 جۆرجی تایکی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراینا هێرشەکەی سوپای وڵاتەکەی بۆ نێو خاکی رووسیا بە "رەوا" ناوبرد و گوتی، "چەند زووتر رووسیا ئاشتییەکی دادپەروەرانە بەرقەرار بکات، زووتر هێرشەکانی هێزە بەرگریکارەکانی ئۆکراینا بۆ سەر رووسیا دەوەستن."
هاوکات دیمیتری مێدڤیدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا لە گوتەیەکدا هەڕەشەی لە حکومەت و سوپای ئۆکراینا کرد.
مێدڤیدێڤ گوتی، ئۆکراینا "بێ دوودڵی سزایەکی گونجاوی هێرشەکەی دەدرێت."