مانگی داهاتوو سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن دەستلەکاردەکێشێتەوە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، مانگی داهاتوو دەستلەکاردەکێشێتەوە و خۆیشی بەربژێر ناکاتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە، نرخی کەلوپەل لە وڵاتەکە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و سەرۆکوەزیرانیش بە تێوەگلان لە کەیسێکی گەندەڵی تۆمەتبار دەکرێت.
 
فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن کە ساڵی رابردوو لە هەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بوو، رایگەیاند: "پێویستە پێشانی خەڵک بدەین کە پارتی لیبراڵی دیموکرات گۆڕانکاری دەکات." کیشیدا گوتیشی: "یەکەم هەنگاویش بۆ پیشاندانی گۆڕانکاری لەنێو پارتی لیبراڵ دیموکرات دەستلەکارکێشانەوەی منە."
 
بڕیارە مانگی داهاتوو هەڵبژاردن لەنێو پارتی لیبراڵی دیموکراتی ژاپۆن بکرێت، سەرۆکی نوێی پارتەکە راستەوخۆ جێگەی سەرۆکوەزیران دەگرێتەوە.
 
کیشیدای تەمەن 67 ساڵ لە ئۆکتۆبەری 2021 هاتە دەسەڵات دوای ئەوەی شینزۆ ئابێ، سەرۆکوەزیرانی پێشووتر تیرۆرکرا.
 
ژاپۆن بەدەست بەرزبوونەوەیەکی نائاسایی نرخی کەلوپەل لە بازاڕەکان گیرۆدەیە و کاری کردووەتە سەر دەرامەتی ژاپۆنییەکان، لە تشرینی دووەمی 2023 کیشیدا پاکێجێکی 100 ملیار دۆلاری راگەیاند، بەڵام لە ژاپۆنی چوارەم گەورە ئابووریی جیهان، ئەمە هیچی لە رەزامەندی خەڵک لە حوکمڕانییەکەی زیاد نەکرد.
 
لە پاڵ هەڵاوسان، گەشەی ئابووری لە چارەگی یەکەمی ئەم ساڵ بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو 0.7% دابەزیوە، سەرەڕای بووژانەوەی لە چەند هەفتەی رابردوو، یەن یەکێک بووە لەو دراوانەی خراپترین ئاستی پێشکێشکردووە، ئەم ئاستە خراپە بۆ هەناردەکاران ئاسانکاری بووە، بەڵام بۆ هاوردەکردن بارگرانی.
 
کۆتایی 2023 داواکارانی ژاپۆنی لێکۆڵینەوەیان لە کەیسێکی گەندەڵی پارتی لیبراڵ دیموکراتی ژاپۆن کرد کە تێیدا چەندین پەرلەمانتاری پارتەکە سوودمەندی ئەو کۆمەکە داراییە بوونە کە بۆ پارتەکە کۆکراوەتەوە و بە نهێنیش ماوەتەوە.
 
هەر ئەوکات چوار وەزیر لەماوەیەکی کەمدا دەستیان لەکارکێشایەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە