شەپۆلێکی گەرما روو لە ئەورووپا دەکات؛ 'لە مەدرید بەرگەی گەرما ناگیرێت'

رووداو دیجیتاڵ

مانگێکە زۆربەی ناوچەکانی ئیتاڵیا رووبەڕووی شەپۆلێکی گەرمای تاقەتپڕووکێن بوونەتەوە، کە جگە لە ئیتاڵیا زۆربەی وڵاتانی ئەورووپای گرتووەتەوە. 
 
فابیانا لۆرێنتی، گەشتیارێکە لە ئیتاڵیا و دەڵێ "زۆر گەرمە، کاتێک بە شەقامەکاندا دەڕۆیت، دەبێت ئایس کرێم یان ئاوت پێبێت. زۆر زەحمەتە بەڕاستی."
 
کەشناسێکیش بەناوی لۆرێنزۆ تێدێچی باس لەوە دەکات "لە رۆما، بەشێوەیەکی گشتی و بێ هیچ دابڕانێک، لە سەرەتای مانگی تەممووزەوە، لەژێر شەپۆلێکی تووندی گەرمادایە."
 
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێی پەیمانگەی بارسێلۆنا بۆ تەندروستیی جیهانی، مەزەندە دەکرێت ساڵی رابردوو 47 هەزار و 690 کەس بەهۆی کێشە تەندروستییەکانی پەیوەست بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە لە ئەورووپا گیانیان لەدەستدابێت. 
 
ساڵی 2022 لە ئەوروپا زیاتر لە 60 هەزار کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە. پار دووەم گەرمترین ساڵ بووە لەو کیشوەرە؛ لەوەتەی پلەی گەرما تۆمار دەکرێت. 
 
کەسانی بە تەمەنی وڵاتانی باشووری ئەورووپا، زۆرترین مەترسییان لەسەرە. زۆربەی کەیسەکانی گیانلەدەستدان لە دوو شەپۆلی گەرمای نێوەڕاستی مانگی تەممووز و ئابی پاردا بوون، کاتێک پلەی گەرما لە زۆربەی وڵاتانی باشووری ئەورووپا 40 پلەی سیلیزیی تێپەڕاند.
 
مۆنیکا ئاڤیلا، دانیشتووی مەدرید دەڵی "لە مەدرید، بەرگەی گەرما ناگریت، ناتوانیت بخەویت و دێیتە دەرەوە، گەرماکە ماندووترت دەکات. بەڕاستی خۆتت پێناگیرێت."
 
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە پلەی گەرما لە کیشوەری ئەورووپا، لەچاو ناوچەکانی دیکەی جیهان، خێراتر بەرز دەبێتەوە، ئەمەش وای کردووە لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە، شەپۆلی گەرما لە ئەورووپا زیاتر، بەتینتر و درێژتر بێت.