وەزارەتی بەرگریی رووسیا: پێشڕەویی سوپای ئۆکراینامان راگرتووە و زیانی گەورەمان پێگەیاندووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، سوپای وڵاتەکەی پێشڕەویی هێزەکانی ئۆکراینای لە هەرێمی کورسک راگرتووە. سوپاسالاری ئۆکرایناش باس لەوە دەکات، سوپاکەی لە 24 کاژێری رابردوودا ناوچەی زیاتری لەو هەرێمە کۆنترۆڵ کردووە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا بڵاویکردەوە، سوپای وڵاتەکەی هێرشی کردووەتە سەر یەکەکانی 22، 61، 80، 82 و 115 کە لە هەرێمی کورسک شەڕ دەکەن و پێشڕەوییەکەی راگرتوون.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2000 سەربازی ئۆکراینی لەو شەڕەدا کوژراون و بریندار بوون، دەیان کەرەستەی سەربازییش تێکشکاون، لەوانەش 35 تانک.
هەر بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، لە 24 کاژێری رابردوودا سوپای وڵاتەکەی فڕۆکەیەکی جەنگیی ئۆکراینایان خستووەتە خوارەوە و سێ سیستمی دژە مووشەک و 52 درۆنیشیان تێکشکاندووە.
بەڵام بەرپرسانی ئۆکراینا قسەیەکی دیکە دەکەن و دەڵێن، سوپاکەیان لە پێشڕەوی بەردەوامە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیلیلگرام رایگەیاند، "سەرەڕای شەڕە سەختەکە، هێزەکانمان لە هەرێمی کورسک لە پێشڕەوی بەردەوامن."
زیلینسکی گوتی، هێزەکانی ئۆکراینا 74 شوێنی نیشتەجێبوونیان لەو هەرێمەی رووسیا کۆنترۆڵکردووە و گوتیشی، ئامادەکارییەکان بۆ قۆناخەکانی داهاتووی سوپای وڵاتەکەی لەنێو خاکی رووسیا بەردەوامن.
هاوکات ئۆلیسکاندەر سیریسکی، سوپاسالاری ئۆکراینا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لە 24 کاژێری رابردوودا 40 کیلۆمەتر دووجا لە خاکی رووسیای کۆنترۆڵکردووە و بەو جۆرەش لە ماوەی یەک هەفتەدا نزیکەی هەزار کیلۆمەتر دووجا لە خاکی رووسیا لە لایەن ئۆکرایناوە کۆنترۆڵ کراوە.
رۆژی 6-8-2024 هێزەکانی ئۆکراینا چوونە نێو هەرێمی کورسکی رووسیاوە و لە رۆژی 9ی مانگیشەوە سوپای رووسیا دژە هێرشی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە دەستپێکردووە کە کەوتبوونە ژێر دەستی سوپای ئۆکراینا.