چەکدارانی ڤاگنەر لە نزیک پۆڵەندا راهێنان دەکەن و ئەو وڵاتە هۆشداری دەدات


رووداو دیجیتاڵ 

لە ڤیدیۆکەدا یەکەم کاروانی سەربازانی پۆڵەندی دەبینن کە گوێزراونەتەوە بۆ ناوچەیەک بە دووریی کەمتر لە 4 کیلۆمەتر لە سنووری بێلاڕووسی هاوپەیمانی رووسیا.
 
ماریوسز بلاسجساک، وەزیری بەرگریی پۆڵەندا دەڵێت، "بێگومان رژێمی بێلاڕووس بە هاوکاریی رووسیا هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی وڵاتمان دەدات، بەڵام دڵنیام سوپاکەمان توانای بەرگریکردنی هەیە."
 
ئەم هەفتەیە پۆڵەندا 10 هەزار سەرباز لە نزیک سنووری بێلاڕووس جێگیر دەکات، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەوەی لەودیو سنوور دەگوزەرێت.
 
لەو گرتە ڤیدیۆییەی وەزارەتی بەرگریی بێلاڕووس، چەکدارانی ڤاگنەر لەگەڵ سوپای ئەو وڵاتە لە نزیک پۆڵەندا ر‌اهێنان دەکەن؛ رۆژئاوا ئەوە بە هەڕەشەی سەر پۆڵەندای ئەندامی ناتۆی دادەنێت و بێلاڕووسیش دەڵێت، راهێنانێكی ئاساییە. سەرۆکی ئەو وڵاتەش دەڵێت، کاتی گفتوگۆکردنە.
 
ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس رایدەگەیێنێت، "ئێمە گەلێكی ئاشتیخوازین و دەمانەوێت لەگەڵ هەموو کەسێک کار بکەین. پێشتر گوتم کە پێویستە لەگەڵ پۆڵەنداش گفتوگۆ بکەین، با گفتوگۆ بکەین. پۆڵەندا دۆخەکە بە هانی ئەمریکا بەرەو زیادبوونی گرژییەکان دەبات، ئەمریکا پۆڵەندا دژی ئێمە بەکاردەهێنێت، بەڵام پۆڵەندییەکان گەمژە نین و باش لە دۆخەکە تێگەیشتوون."
 
هەفتەی رابردوو پۆڵەندا گوتی، دوو هێلیکۆپتەری بێلاڕووسی سنووری پۆڵەندایان بەزاندووە؛ گوتیشی بێلاڕووسییەک لەنێو پۆڵەندا دەستگیرکراوە کە گومان دەکرێت سیخوڕی رووسیا بێت.
 
ماتیوز مۆراڤییەکی، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا رایگەیاند، "رووسیا و بێلاڕووس گوشارەکانیان سەر سنووری پۆڵەندا زیاتر کردووە، هێلیکۆپتەرەکانی بێلاڕووس ئاسمانی ئێمەیان بەزاندووە، سیخوڕانی پووتین دەنێرنە وڵاتمان، چەکدارانی ڤاگنەر لە نزیک سنوورمان کۆکراونەتەوە."
 
لە ئایاری ئەمساڵدا رووسیا دەیان چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە بێلاڕووس بڵاوکردەوە، لە دوای نزیکەی 18 مانگ لە دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا، سەرنجی رووسیا و وڵاتانی ناتۆ چووەتە سەر بەرەکانی رۆژهەڵاتی هاوپەیمانییەکە بە دیاریکراوی پۆڵەندا کە نەیارێكی سەرسەختی رووسیایە.