لە بەریتانیا نەخۆشییەکانی جگەر بە رێژەی 400% زیادیکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئایان ویدۆن، نەخۆشێکە و نەشتەرگەریی چاندنی جگەری بۆ دەکرێت، ئەو بە روواڵەت وەک کەسێکی تەندروست لەگەڵ پزیشکەکانی گفتوگۆ دەکات، بەڵام بەدەست هەوکردنێکی سەختی جگەرەوە دەناڵێنێت و مەترسییەکی گەورە لەسەر مانەوەی لە ژیان هەیە. 
 
دینەش شارما، پزیشکی چاندنی جگەرە و دەڵێت، ئایان "مەترسی لەسەر ژیانی هەیە. مەترسی مردنی لە 10% کەمتر نییە و دەکرێت لە کاتی نەشتەرگەری و دواتریشدا مەترسییەکە زیاتر ببێت." 
 
بەگوێرەی ئاماری ئەمریکا، نەخۆشییەکانی جگەر بە 10یەم مەترسیدارترین نەخۆشی لە جیهان هەژمار دەکرێن و ژمارەی تووشبووانیان بە یەک ملیار و 500 ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت.
 
ساڵانە لانیکەم دوو ملیۆن کەس بەهۆیانەوە گیان لەدەستدەدەن؛ هۆکاری سەرەکیش بریتییە لە نەبوونی بەرنامەیەکی تەندروستیی خۆراکی و خواردنەوەی ماددە کحولییەکانە.
 
کۆش ئاگارواڵ، پزیشکی چاندنی ئەندامە و گوتی، "چاندنی جگەر رێگەیەکی زۆر گرانە بۆ چارەسەری نەخۆشی جگەر، هەربۆیە هۆشیارکردنەوەی کەسانی گەنج و مێرمنداڵ لەبارەی خواردنەوەی ماددە کحولییەکان و هەبوونی بەرنامەیەکی خۆراکی تەندروست زۆر گرنگە بۆ رێگریکردن لە نەخۆشییەکانی جگەر و باشترکردنی تەندروستی بە گشتی." 
 
ناوەندە تەندروستییەکانی بەریتانیا بڵاویانکردووەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی نەخۆشی جگەریان هەیە بەراورد بە 50 ساڵ پێش ئێستا بە رێژەی 400% زیادیکردووە.
 
باسیش لەوە دەکەن، لە هەر 10 تووشبوویەک حەوت نەخۆشیان هەست بە تێکچوونی باری تەندروستییان ناکەن، بۆیە داوا دەکەن هۆشداری تایبەت بە منداڵ و مێرمنداڵ لەبارەی گرنگی جگەرەوە بدرێت.