رووداو - هەولێر
بە گوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای نەیجیریا بۆ سەر گرووپی بۆکۆ حەرام، لەبری چەکدارانی ئەو گرووپە، کچە رفێندراوەکانی کردووەتە ئامانج و چەند کچێکیان لێ کوژراون.
هەر لەگرتە ڤیدیۆییەکەدا چەکداران داوا لە حکومەتی نەیجیریا دەکەن "هێرشە ئاسمانییەکانتان رابگرن. ئەگەر چەند دیلێکی گرووپەکەمان ئازاد بکەن، ئەوا قوتابییە کچە رفێندراوەکان ئازاد دەکەین".
ئەو کچانەی لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەون، بەشێکن لەو 276 قوتابیەی کە لە نیسانی 2014، لە قوتابخانەیەکی دوورە دەست، لە لایەن بۆکۆ حەرامەوە رفێندراون.
کچەکان باس لەوە دەکەن کە هەندێک لە هاوپۆلییەکانیان لە بۆردوومانەکاندا کوژراون، 40 کەسیشیان شویان بە چەکدارە ئیسلامییە تووندڕەوەکان کردووە.
بڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە دوای ئەوە هات کە پێشتر چەکدارێکی بۆکۆ حەرام هەڕەشەی کوشتنی کچە رفێندراوەکانی کردبوو، ئەگەر حکومەت واز لە هێرشەکان نەهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ