کێن ئەو سەرۆکانەی ئەمریکا کە تیرۆر کراون یانیش هەوڵی تیرۆرکردنیان دراوە؟

رووداو دیجیتاڵ

ئێوارەی رۆژی شەممە بە کاتی ئەمریکا و بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە بە کاتی هەرێمی کوردستان، تەقە لە دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری پارتی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کرا.
 
لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا 4 سەرۆک کوژراون و هەوڵی کوشتنی چەندین سەرۆکی دیکە، سەرۆکی پێشوو و بەربژێرانی سەرۆکایەتیش دراوە. 
 
کوژرانی 4 سەرۆک لە مێژووی ئەمریکادا 
 
ئەبراهام لینکن یەکەمین سەرۆکی ئەمریکا بوو تیرۆر بکرێت. لینکنی 16ەیەمین سەرۆکی ئەمریکا لە 14-4-1865 لە شانۆی فۆرد لە واشنتن دی سی تەقەی لێکرا و کوژرا.
 
 ئەو کەسەی تەقەی لە لینکن کرد ئەکتەرێکی ئەو شانۆیە بوو ئەو شەوە نمایش دەکرا بەناوی جۆن بوس. تەقەکەر لە شوێنەکە هەڵات، بەڵام 12 رۆژ دواتر لە ڤێرجینیا بینرا و تەقەی لێکرا و کوژرا.
 
 جۆن بوس پاڵپشتیکارێکی ویلایەتە کۆنفیدراڵییەکانی ئەمریکا بوو کە 11 ویلایەت بوون و لە کاتی شەڕی نێوخۆیشدا هۆشدارییان دابووە حکومەت. بوس و چەند هاوکارەکەی ئامادەبوون هەر کارێک بکەن لەدەستیان بێت بە مەبەستی سەرخستنی ئەو پلانەی ویلایەتە کۆنفیدراڵییەکان هەیانبوو، لەوانەش رفاندنی لینکن، بەڵام دواتر پلانەکەیان بۆ کوشتنی گۆڕی. 
 
جەیمس گارفیڵدی 20ەمین سەرۆکی ئەمریکا لە 2ی تەمموزی 1881 لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە واشنتن دی سی تەقەی لێکرا و لە ئەیلوولی هەمان ساڵ بەهۆی کاریگەری برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. 
 
گارفیڵد تەنیا 4 مانگ بوو وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکارببوو و ئەو کەسەش تەقەی لێکرد ناوی چارلس گیتو بوو. 
 
گیتو توڕەبوو لەوەی لە ئیدارەکەی گارفیڵدا هیچ پۆستێکی پێنەدرابوو، چونکە پێی وابوو ئەو کارەی ئەو بۆ پارتەکەی کردووە هۆکار بووە بۆ ئەوەی گارفیڵد بتوانێت لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا سەرکەوتن بەدەستبێنێت، ئەوە لە کاتێکدایە تەنیا چەند جارێک بۆ ژمارەیەکی کەم کەس لە نیویۆرک قسەی کردبوو. گیتو دەستگیرکرا و دوای دادگاییکردنی لەسێدارەدرا.
 
وڵیەم مکینلی 25ەمین سەرۆکی ئەمریکا لە 6ی ئەیلوولی ساڵی 1901 لە شاری بەفاڵۆی ویلایەتی نیویۆرک تەقەی لێکرا و 6 رۆژ دواتر بەهۆی کاریگەری برینەوە گیانی لەدەستدا. 
 
ئەو کەسەی تەقەی لە مکینلی کرد هاووڵاتییەک بوو بەناوی لیۆن چۆڵگۆز و رۆژی 29-10-1901 لە نیویۆرک کوژرا. 
 
دوایین وشەکانی چۆڵگوز ئەمانە بوون: "سەرۆکم کوشت، چونکە دوژمنی خەڵکە باشەکە بوو؛ ئەو خەڵکەی کە چینی کرێکارە. پەشیمان نیم لەو تاوانەی کردوومە". 
 
جۆن کەنەدی 35ـەمین سەرۆکی ئەمریکا لە 2-11-1963 لە شاری داڵاسی ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا تەقەی لێکرا و کوژرا. کەسی تەقەکار ناوی لی هارڤی ئۆزۆڵد بوو و چەند رۆژێک دوای تەقەکردنەکە دەستگیرکرا و دواتر لە 24-11-1963دا لە لایەن هاووڵاتییەک بەناوی جاک روبی لە ژێر زەوی بنکەی پۆلیسی تێکساسدا کوژرا.
 
 روبی دەستگیرکرا و سزای مەرگی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دواتر تانە لە بڕیارەکە درا و سزاکەی هەڵوەشێندرایەوە و بڕیاردرا دادگەیی بکرێتەوە. روبی تووشی نەخۆشی بوو و دواتریش گیانی لەدەستدا. 
 
ساڵی 1964 لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کوشتنی کەنەدی بڵاویکردەوە، روبی لەو کارەدا تەنیا بووە، بەڵام ژمارەیەک رەخنەگر پێیان وایە روبی بەشێک بوو لە پیلانگێڕییەک کە تاوەکو ئێستا وردەکارییەکەی ئاشکرا نەکراوە. 
 
چەندین سەرۆکی دیکەی ئەمریکاش تەقەیان لێکراوە، لەوانەش باراک ئۆباما لە ساڵی 2011، رۆناڵد ریگن لە ساڵی 1981 و جیراڵد فۆرد لە ساڵی 1975.
 
ئەو سەرۆکانەی ئەمریکا کە پێشتر لە هەوڵی تیرۆرکردن رزگاریان بووە:
 
- ئەندرۆ جاکسن، حەوتەمین سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی 1835
 
- تیۆدۆر رووزڤێڵت، 26ـەمین سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی 1912 
 
- فرانکلین رووزڤێڵت، 32ـەمین سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی 1933
 
- هاری ترومان، 33ـەمین سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی 1950
 
- جیراڵد فۆرد، 38ـەمین سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی 1975
 
- رۆناڵد ریگن، 40ـەمین سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی 1981
 
باراک ئۆباما، 44ـەمین سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی 2011