بایدن و ترەمپ بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵ یەکدی کرد

رووداو دیجیتاڵ 

کۆشکی سپی دەڵێت، جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ بە تەلەفۆن لەگەڵ یەکدی قسەیان کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی بەربژێرەکەی پارتی کۆماری نەخۆشخانەی جێهێشت.
 
کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا قسەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری پارتی کۆماری کردووە و ئەویش دوایین زانیاری لەبارەی دۆخی تەندروستیی خۆی پێ راگەیاندووە.
 
کۆشکی سپی وردەکاریی زیاتری نەدرکاندووە، بەڵام ئاماژەی بەوەشکردووە، دەزگا ئەمنییەکان بەردەوام دوایین زانیاری لەبارەی رووداوەکە دەدەنە سەرۆکی ئەمریکا.
 
قسەکردنی ئەو دوو بەربژێرە لەکاتێکدایە، لەماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا هەردووکیان هێرشی تووندیان کردووەتە سەر یەکدی، بەڵام هەر زوو دوای هێرشەکە بایدن رایگەیاند، هەوڵی داوە قسە لەگەڵ ترەمپ بکات، بەڵام سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لای پزیشک بووە.
 
هاوکات مێریک گارلاند، وەزیری دادی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو یەکەم کەس بووە کە زانیاریی سەرەتایی لەبارەی رووداوی تەقەکردنەکە بە بایدن داوە.
 
گارلاند گوتیشی، "چاوپۆشی لە هیچ کارێکی تووندوتیژی ناکەین و ئەو هێرشەی کرایە سەر دۆناڵد ترەمپ هێرش بوو بۆ سەر دیموکراسییەکەمان. وەزارەتی داد هەموو ئامرازێکی بەردەستی بەکاردەهێنێت لە لێکۆڵینەوەکانی ئەو رووداوە."
 
دەوروبەری کاژێر 6:15ی رۆژی 13-7-2024 (بە کاتی پێنسلڤانیا) (کاژێر 1:15ی بەرەبەیانی رۆژی 14-7-2024 بە کاتی هەولێر) کەسێک لە ویلایەتی پێنسلڤانیای ئەمریکا تەقەی کرد و دۆناڵد ترەمپ بریندار بوو، ئەوەش کاتێك بەربژێرەکەی کۆمارییەکان سەرقاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن بوو.