جۆ بایدن: پێویستە هەموو لایەک تەقەکردن لە ترەمپ سەرکۆنە بکات
رووداو دیجیتاڵ
جۆ بایدن تەقەکردن لە دۆناڵد ترەمپ سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، ئەوەی لە ویلایەتی پێنسلڤانیا روویدا یەکێکە لەو هۆکارانەی بیری هەموو لایەک دەهێنێتەوە کە دەبێت یەکگرتوو بن.
نزیکەی دوو کاژێر دوای تەقەکردن لە دۆناڵد ترەمپی بەربژێری پارتی کۆماری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتووی ئەمریکا، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەو وڵاتە گوتارێکی کورتی پێشکێش کرد و تێیدا سەرکۆنەی تەقەکردنەکەی لە ترەمپ کرد و گوتی، "ئەم جۆرە تووندوتیژییە لەنێو ئەمریکادا جێگەی نابێتەوە".
بایدن هەروەها گوتی، تەقەکردن لە دۆناڵد ترەمپ "قێزەونە و هەر ئەوەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە دەبێت ئەم وڵاتە یەکبخەین. ناکرێت رێگە بەم جۆرە رووداوانە بدەین. ناکرێت بەم جۆرە بین. ناکرێت ئەم جۆرە کارە قبووڵ بکەین".
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هەوڵی داوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ قسە بکات، بەڵام ترەمپ لای پزیشکەکان بووە و ئومێدیشی خواست کە زوو بتوانێت قسەی لەگەڵ بکات.
جۆ بایدن ئاماژەی بەوەشکرد، "دەبوایە بانگەشەکەی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ ئاشتییانە و بێ هیچ جۆرە کێشەیەک بەڕێوە بچووایە. هەبوونی تووندوتیژی سیاسی یان تووندوتیژی لەم جۆرە لە ئەمریکادا گونجاو نییە و پێویستە هەموو لایەک سەرکۆنەی بکات".
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "هەموو ئاژانسەکان لە حکومەتی فیدراڵی" سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن و بەردەوام زانیاری پێدەدەن.
رۆژی شەممە کاژێر 6:15ی ئێوارە بە کاتی پێنسلڤانیا (1:15ی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە بە کاتی هەولێر) لە شاری بەتڵەری ویلایەتی پێنسلڤانیا تەقە لە دۆناڵد ترەمپ کرا، ئەوەش کاتێك سەرقاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن بوو و برینداربوو.