لیژنەی نیشتمانیی کۆمارییەکان: کۆنگرەی پارتەکەمان لە کات و شوێنی خۆیدا بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ 

تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ و لیژنەی نیشتمانیی کۆمارییەکان دەڵێن، کۆنگرەی پارتی کۆماری لە کات و شوێنی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.

نزیکەی سێ کاژێر دوای تەقەکردنەی ویلایەتی پێنسلڤانیا، سوزی وایڵز و کریس لاسیڤیتا، راوێژکارانی بانگەشەی دۆناڵد ترەمپ و مایکڵ واتلی، سەرۆکی لیژنەی نیشتمانیی کۆمارییەکان راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "سەرۆک ترەمپ چاوی لەوەیە لە شاری میلوۆکی لەگەڵ ئێوە بێت، ئەوەش کاتێک کۆنگرەکەمان بەڕێوەدەبەین بۆ ئەوەی سەرۆک ترەمپ بەربژێر بکەین بۆ بوون بە 47ـەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان".
 
بڕیارە رۆژی دووشەممە 15-7-2024 کۆنگرەی نیشتمانیی پارتی کۆماریی ئەمریکا لە شاری میلوۆکی لە ویلایەتی ویسکۆنسن دەستپێبکات.
 
کۆنگرەکە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا دۆناڵد ترەمپ وەک بەربژێری فەرمیی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و کەسێکیش وەک جێگری دیاری دەکرێن.
 
دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی پارتەکەیدا پشتگیری 2268 نوێنەری ویلایەتەکانی بەدەستهێنا، ئەوە لە کاتێکدایە تەنیا پشتگیری 1215 نوێنەر پێویست بوو بۆ ئەوەی ببێتە بەربژێری کۆمارییەکان.
 
تاوەکو ئێستا ترەمپ بەربژێری خۆی بۆ جێگرەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام چەند ناوێک دەهێندرێن، وەک تیم سکۆت، جەی دی ڤانس و مارکۆ روبیۆی ئەندامانی کۆنگرێس و دەگ بێرگمی حاکمی ویلایەتی داکۆتای باکوور.
 
ئەم راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، دەوروبەری کاژێر 6:15ی رۆژی 13-7-2024 (بە کاتی پێنسلڤانیا) (کاژێر 1:15ی بەرەبەیانی رۆژی 14-7-2024 بە کاتی هەولێر) کەسێک لە ویلایەتی پێنسلڤانیای ئەمریکا تەقەی کرد و دۆناڵد ترەمپ بریندار بوو، ئەوەش کاتێك بەربژێرەکەی کۆمارییەکان سەرقاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن بوو.