رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیا لەبارەی تەقەکردن لە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی سەرکۆنەی هەموو تووندوتیژییەکی سیاسی دەکات.
رۆژی یەکشەممە، 14ی تەممووزی 2024، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) لەبارەی تەقەکردن لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند، رووسیا "زۆر بە تووندی سەرکۆنەی هەر نموونەیەکی تووندوتیژی لە چوارچێوەی کێبڕکێی سیاسیدا دەکات".
ئەو گوتانەی گوتەبێژەکەی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا دوای ئەوە دێن، کاژێر 06:08ی ئێوارەی رۆژی شەممە بە کاتی پێنسلڤانیا، واتە کاژێر 1:08ی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە بە کاتی هەولێر، لە شاری بەتڵەری ویلایەتی پێنسیلڤانیا تەقە لە ترەمپ کرا و گوللـە بەر گوێی کەوت.
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا ئاماژەی بەوەشکرد، "دوای ژمارەیەک هەوڵ بۆ لابردنی ترەمپ لە گۆڕەپانی سیاسی بە رێگەی یاسایی، لەوانە لە رێگەی دادگە، داواکاری گشتی و لێدان لە ناوبانگی سیاسی، ئیدی بۆ هەموو چاودێرانی دەرەوە روونە کە ژیانی ئەو کەسە لە مەترسیدایە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "پێمان وانییە کارەکە لەلایەن دەسەڵاتی ئێستاوە کرابێت".
دوو کاژێر دوای رووداوەکە و دوورخستنەوەی لە شوێنی رووداوەکە، ترەمپ رایگەیاند سەلامەتە.
تەقەکەرەکە کە بە گوێرەی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (FBI) گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ بووە، دەستبەجێ لە شوێنی رووداوەکە تەقەی لێکرا و کوژرا.
لایەنگرێکی ترەمپ بە گوللـەی تەقەکەرەکە کوژرا و دووی دیکە برینداربوون.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی پارتی کۆماری و دیموکراتیش سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ