ئینگلتەرا و ئیسپانیا لە یاریی کۆتایی یۆرۆی 2024 رووبەڕووی یەک دەبنەوە؛ هاندەران چی دەڵێن؟

دوێنێ کاژێر 08:00
تەنیا ئەحمەد
لە پاڵەوانێتیی یۆرۆی 2024، هەڵبژاردەی سێ شێرەکە شەش یارییان کردووە و ئەمە حەوتەم یارییانە.
لە پاڵەوانێتیی یۆرۆی 2024، هەڵبژاردەی سێ شێرەکە شەش یارییان کردووە و ئەمە حەوتەم یارییانە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئینگلتەرا بەرەو بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێکەوت. ئەمڕۆ کاژێر 10:00ـی شەو بەکاتی هەولێر، ئینگلیزەکان لە یاری کۆتایی یۆرۆی 2024، رووبەڕووی ئیسپانییەکان دەبنەوە.
 
لە پاڵەوانێتیی یۆرۆی 2024، هەڵبژاردەی سێ شێرەکە شەش یارییان کردووە و ئەمە حەوتەم یارییانە.
 
ئۆلی واتکینز، یاریزانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرایە و دەڵێت: "هەموومان بەپەرۆشین و بە تامەزرۆییەوە دەمانەوێت بچینە نێو یاریگە و یاریی بکەین. باوەڕێکی پتەومان هەیە و پێموایە پێویستمان بەمەیە. دەبێت باوەڕمان هەبێت و متمانەمان بەخۆمان بێت."
 
لە شەش یاریی رابردوو، ئینگلیزەکان حەوت گۆڵیان تۆمارکرد و چوار گۆڵیشیان لێکرا. 
 
لە قۆناخی کۆمەڵەکان بەرامبەر سربیا، دانیمارک و سلۆڤینیا یارییان کرد، دواتر سلۆڤاکیا و سویسرا و هۆڵەندایان بڕی بۆ ئەوەی بگەنە کۆتایی.
 
لە بەرامبەردا، ئیسپانییەکان چەند رۆژێکە بە گەرمی راهێنان دەکەن و چاویان لە نازناوەکەیە.
 
لویس دێلا فوێنتێ، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیایە و دەڵێت: "هەست بە دڵخۆشیی دەکەین. لە بەرامبەر تیمێکی زۆر گرنگ یاری دەکەین کە یاریزانی نایابیان هەیە، ئەمەش بە مانای ئەوەی یاریی کۆتایی نمایشێکی ناوازە دەبێت."
 
رێگەی ماتادۆرەکان قورستربوو؛ لە شەش یاریی رابردوو، رووبەڕووی هەریەک لە کرواتیا، ئیتاڵیا، ئەلبانیا، جۆرجیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا بوونەوە. توانییان 13 گۆڵ بکەن و تەنیا سێ گۆڵیشیان لێکرا.
 
دانی ئۆڵمۆ، یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیایە و ئاماژە بەوە دەکات: "پێموایە دوو لە باشترین تیمەکان گەیشتنە یاریی کۆتایی. لە هەموو پاڵەوانێتییەک هەروایە، ئەو تیمەی زۆرترین بردنەوەی هەبێت دەگاتە کۆتایی. هەوڵدەدەین سەرنجمان لەسەر شتەکانمان بێت، ئەو شتانەی کە ئێمەیان گەیاندە ئێرە، هەوڵدەدەین باشترینی خۆمان پێشکێش بکەین."
 
هەڵبژاردەی ئیسپانیا توانیویەتی لە ساڵەکانی 1964، 2008 و 2012 نازناوەکە بباتەوە. ئینگلتەراش تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە ئەو نازناوە بەدەستبهێنێت. 
 
زۆرترین سەرنجی جیهان لەسەر هەر دوو یاریزانی لاو؛ لامین یامالی ئیسپانی کە دوێنێ تەمەنی بووە 17 ساڵ و جوو بێڵینگهامی یاریزانی ئینگلتەرایە. لەم یۆرۆیە یامال گۆڵێک و بێلینگهامیش دوو گۆڵی تۆمارکردووە.
 
هەڵبژاردەی براوە، بڕی 8 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت و دووەمیش 5 ملیۆن یۆرۆ.
 
یاریی کۆتایی یۆرۆی ئەم ساڵ لە یاریگەی ئۆلیمپیا ستادیۆم لە بەرلین بەڕێوەدەچێت و جێگەی 74 هەزار و 649 کەس دەگرێت. نرخی بلیتی یارییەکە لە 95 بۆ 1000 یۆرۆیە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە